عەلی دۆلەمەڕی: ئاسایش و خۆشگوزەرانیی لە ئەورووپا نەماوە

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ئاماژە بەوە دەکات، خۆشگوزەرانیی و ئاسایش لە ئەورووپا نەماوە، بۆیە ڕاستڕەوەکان زۆرینەی دەنگیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا بەدەستهێنا.
رۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024)، عەلی دۆلەمەڕی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لەبارەی هەڵوێستی سەرۆکی فەرەنسا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی و ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ کوردستان24 گوتی،
ئەو ئەنجامە چاوەڕوانکراو بوو لە فەرەنسا، چونکە لە دۆخێکی جیاوازدا پرۆسەکە ئەنجام درا، دۆلەمەڕی ئاماژەی بەوە کرد کە هۆکاری زۆر هەبوون بۆ ئەوەی پارتە ڕاستڕەوەکان زۆرترین دەنگ بەدەست بێنن، لەوانەش دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا لە ساڵی 2020 کە کاریگەریی زۆری لەسەر هەڵبژاردنەکە هەبوو، ئێستا چەند وڵاتێکی دیکەش داوای دەرچوون لە یەکێتی ئەورووپا دەکەن، هاوکات پەتای کۆرۆنا کە لە ئەورووپا قوربانیی زۆری لێکەوتەوە، لەگەڵ ئەو شەڕەی ئۆکرانیا کە نزیکە لە ئەورووپا، وڵاتانی ئەورووپا نەیانتوانیووە چارەسەرییەکی بۆ بدۆزنەوە لەگەڵ جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، دۆلەمەڕی گوتی، هەموو ئەم قەیرانانە کاریگەریی زۆریان کردووەتە سەر ژیانی خەڵک لە ئەورووپا، چونکە خەڵکی ئەورووپا پێویستییان بە ئاسایش و خۆشگوزەرانییە، ئێستا ئەو دوو پێویستییە لە ئەورووپا نییە، جەنگ لەسەر سنووری ئەورووپایە، هاوکات نرخی کەلوپەل زۆر بەرزبووەتەوە، ئەمە وای کردووە پارتی ڕاستڕەو سوود لەو قۆناغە وەربگرێت، بۆیە ئەم ئەنجامەی ئەمڕۆ مەترسییەکی گەورەیە بۆ داهاتوو لەسەر ئەورووپا.
لەبارەی بڕیاڕی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی، عەلی دۆلەمەڕی گوتی، سەرۆکی فەرەنسا مافێکی دیاریکراوی هەیە کە دەتوانێت پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، دەشڵێت، ئەمە شەشەمین جارە پەرلەمان لە فەرەنسا هەڵدەوەشێتەوە.
عەلی دۆلەمەڕی گوتی، ماکرۆن لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی دوو مەبەستی هەیە، چونکە دەزانێ پارتەکەی سێ ساڵی ماوە لە دەسەڵاتدا و پارتە ڕاستڕەوەکان زۆرینەی دەنگیان بەدەستهێناوە کە مەترسییە بۆسەر داهاتووی فەرەنسا، دوو خولی پێشووتری سەرۆکایەتی فەرەنسا لەنێوان ماکرۆن و ڕاستڕەوەکان بوەو، بەڵام لە هەڵبژاردنی داهاتوو ماکرۆن ناتوانێت خۆی بەربژێر بکاتەوە، بۆیە ڕاستڕەوەکان چانسی ئەوەیان هەیە دەسەڵات لە فەرەنسا بگرنە دەست، ئەوەش مەترسییە بۆ یەکێتی ئەورووپا، ماکرۆن دەیەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات بۆ ئەوەی پیشانی خەڵکی فەرەنسا بدات کە ڕاستڕەوەکان کە دێنە دەسەڵات هیچیان پێ نییە و هیچیان پێ ناکرێت، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی فەرەنسا دەنگ بەدەست نەهێنن.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی زۆری پەنابەران مەترسی لە ئەورووپا دروستبووە، لەناو شارەکانی ئەورووپا دزیی زیاد بووە، خەڵک ناتوانێت وەک جاران شەوان بچێتە دەرەوە، دەڵێت، هەندێ ناوچەی مەترسیدار هەن کە پۆلیسیش ناتوانێت بچێتە ئەو شوێنانە، ئەمە وای کرد ڕاستڕەوەکان زۆرینەی دەنگیان بەدەستهێنا.
لەبارەی گرنگیی بوونی کورد لە پەرلەمانی ئورووپا، عەلی دۆلەمەڕی ئاماژەی بەوە کرد کە، گرنگە کورد بچێتە نێو پەرلەمانی ئەورووپا، چونکە دۆستی زیاتر بۆ کورد دروست دەکەن، دەڵێت، بوونی هەر کوردێک لەنێو دڵی ئەورووپا کاریگەری زیاتر دروست دەکات و پشتیوانی بۆ کورد زیاتر دەکات.
رۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024)، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، لە یەکەم کاردانەوەی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا کە ڕاستڕەوەکان و سۆسیالیست و لێبڕاڵەکان زۆرینەی دەنگیان بەدەستهێناوە، پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند، لە 30 حوزەیران هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام دەدەین، ماکرۆن سەرکەوتنی نەتەوەییەکانی لە فەرەنسا و ئەوروپا بە مەترسیی وەسفکرد.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا، پارتە ڕاستڕەو و سۆسیالیست و لیبڕاڵەکان زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی ئەورووپایان بەدەستهێناوە.
چەند خولەکێک پێش ئێستا، سەرۆکی پارتی ڕاڵی نەتەوەیی، براوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فەڕەنسا لە پەرلەمانی ئەوروپا، جۆردن باردێلا، داوای هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمانی کرد.
بەپێی زانیارییەکان، پارتی ئۆپۆزسیۆنی باڵی ڕاست، بەپێی داتای سەرەتایی، لە سەدا 32 ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، پارتی هەڵسانەوەی ئیمانوێل ماکرۆنیش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا لە پلەی دووەمدایە بە ڕێژەی 15.4٪