میران حوسێن: تا ئێستە کاریگەرییەکانی داعش لە عێراق و ناوچەکە بەردەوامە

مامۆستایەکی زانکۆ ڕایگەیاند، دەرکەوتنی ڕێكخراوی داعش، ڕووداوێکی ترسناک بوو لە مێژووی عێراقدا، تاکو ئێستەش کاریگەرییەکانی داعش هەر بەردەوامە.

دووشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2024، میران حوسێن، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دەرکەوتنی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش، ڕووداوێکی ترسناک بوو نەک لە تەنیا مێژووی عێراقدا، بەڵکو لە تەواوی ناوچەکەدا.

بەگوتەی ئەو مامۆستایە، " ئەم ڕێکخراوە لەماوەیەکی کورتدا توانی دەست بگرێت، بەسەر چەند ناوچەیەکی بەرفراوان لە هەر یەک لە عێراق و سووریا، هەر بۆیە تاکو ئێستە کاریگەری و شوێنەوارەکەی بەردەوام دیارە."

ئەو مامۆستایە گوتیشی، "هۆی سەرهەڵدانی داعش لەو ناوچانەدا، پەیوەندی بەو بارودۆخە ئاڵۆزەوە هەیە لەو ناوچانە، بەتایبەت لەلایەن سوونەکانەوە، ئێستەش ئەو بارودۆخە و بێهیواییە بەردەوامە."

میران حوسێن ڕاشیگەیاند، "دروستبوونی داعش دوای مانگرتن و خێوەتهەڵدان بوو لە ناوچەی سوونەنشینەکان. ئەو داواکارییانەی عەرەبە سونەکان هەیانبوو و حکوومەتی عێراقیش زۆر بە توندی وەڵامی دانەوە، بوو بە هۆی دروستبوون و ڕاگەیاندنی داعش."