پاش هەژدە ساڵ، دەستوور ڕکابەرکان کۆ دەکاتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا - ئۆزگۆر ئۆزەل سەرۆکی گشتیی جەهەپە
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا - ئۆزگۆر ئۆزەل سەرۆکی گشتیی جەهەپە

بڕیارە سبەی 11ی حوزیرانی 2024، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە دوای 18 ساڵ بۆ یەکەم جار  سەردانی جەهەپە بکات و لە گەڵ سەرۆکی پارتەکە کۆبێتەوە.

ئەم سەردانە 40 ڕۆژ دوای سەردانەکەی ئۆزگۆر ئۆزەل سەرۆکی جەهەپەیە بۆ لای ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆککۆماری تورکیا، سەرەڕای هەموو پێشهاتە نەرێنیەکان، بەم سەردانە پێشبینی نەرمی نواندن و سازشی سیاسەت لە تورکیا دەکرێت.

چاودێرانی سیاسی ئەم سەردانە بە سەردانێکی بەرژەوەندییخوازانەی دەسەڵات دەبینن.

لەم بارەوە چاودێری سیاسی، حوسێن داغدەرم دەڵێ "ڕوونە کە سەرۆک کۆمار بۆ پرسی دەستووری نوێ سەردانی جەهەپە دەکات، جەهەپەش ئەرکە لە سەر شانی لە بواری دیموکراسی مافدا قسە بکات، لێرەشدا کاردانەوەی جەهەپە زۆر گرنگە، ئایا هەوڵی چارەکردنی کێشەکان دەدات یان هەوڵی پێش خستنی خۆی دەدات؟ پێویستە چاوەڕێ بێن و ببینین، ئێستا هەر قسەیەک بکەین لە سەر پێشهاتەکان ناتوانین شتێکی تەواو بڵین، بەڵام لە ڕاستیدا و بە ڕای من ئەم سەردانە بە سەردانێکی ئەرێنی نابینم لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیانە".

سەردانەکەی سەرۆکی جەهەپە بۆ لای ئەردۆغان بە قۆناغێکی نوێی سیاسەت ناوخۆی تورکیا دادەنرێت چاودێرانی سیاسییش ئەو گۆڕانە لە پەیوەندیی پارتە سیاسییەکان بە هەنگاو و گۆڕانێکی گرنگ دەزانن.

لەم بارەوە سەلمان کەسکین چاودێری سیاسیی دەڵێ "شتێکی ئاساییە کە سەرۆک کۆمار بچێتە لای پارتێکی ئۆپۆزسیون و لە سەر کێشەکانی وڵات قسە بکەن. ئۆزگۆر ئۆزەل دەیەوێت سیاسەتێکی باش بەڕێوە ببات بۆیە ئەم سەردانە گرنگە. لە سەردانەکەدا دەکرێت بڕیاری هاوبەش بۆ چارەکردنی کێشەکان بدرێت، پرسی دەستووریش یەکێک لە بابەتەکانە، بە ڕای من دەبێت سەرەتا کار بە دەستوورە کۆنەکە بکەن و دواتر بڕیار لە سەر دەستووری نۆی بدەن".

1ـی تشرینی یەکەمی 2023، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆککۆماری توركیا لە دەستپێکی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەماندا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پێکەوە کار بکەن بۆ نووسینەوەی "دەستوورێکی مەدەنی، لەو کاتەوە دەستووری نوێ بووەتە پرسێکی دیکەی گۆڕەپانی سیاسیی تورکیا و ناکۆکییەکان.

هەرچی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان، هەوڵەکانی بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێ چڕکردووەتەوە، بەڵام پارتە سیاسییەکانی دیکەی تورکیا بڕوایان وایە ڕازی بوون بە خواستەکەی ئاکپارتی کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە و ئەوەی لەم دۆخەدا لە تورکیاوە گرنگترە، ڕزگارکردنی وڵاتەکەیە لە کێشە و قەرزە ئابوورییەکان و مووچەی خانەنیشینان و دەیان پرسی دیکەیە.