ڕامی نووری: عەنکاوە دەبێتە یەکەم قایمقامییەت لە هەرێم و عێراق بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتی وەربگرێت

ڕامی نووری، قایمقامی قەزای عەنکاوە
ڕامی نووری، قایمقامی قەزای عەنکاوە

K24 – هەولێر:

قایمقامی قەزای عەنکاوە ڕایگەیاند، وەک یەکەم یەکەی کارگێڕی لەسەر ئاستی قەزا و ناحییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، قایمقامییەتی عەنکاوە بڕوانامەی ئایزۆ لەلایەن دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتییەوە، وەردەگرێت.

ڕۆژی دووشەممە (10ـی حوزەیرانی 2024) ڕامی نووری، قایمقامی قەزای عەنکاوە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوای حەوت مانگ لە ڕاهێنان و چەندین خولی بەهێزکردنی توانا مرۆییەکان، قایمقامییەتی عەنکاوە دەبێتە یەکەم یەکەی کارگێڕی لەسەر ئاستی قەزا و ناحییەکانی هەرێمی کوردستان، دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتی.

ڕامی نووری ئاماژەی بەوەشکرد: سبەی سێشەممە (11ـی حوزەیرانی 2024) قایمقامییەتی عەنکاوە بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتی لەلایەن کۆمپانیای بیۆرۆ ڤێریتاسی فەرەنسی، کە لە ماوەی ڕابردوو سەرپەرشتی و چاودێری بەڕێوەچوونی خولەکانی ڕاهێنانی دەکرد.

لەبارەی گرنگی وەرگرتنی ئەو بڕوانامە نێودەوڵەتییە، ڕامی نووری جەختی کردەوە، ئەو پرۆسەیە خۆگونجاندنە لەگەڵ کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کورستان بۆ بە دیجیتاڵ کردنی کاروبارەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتین لە ڕایی کردنی مامەڵەی هاووڵاتییان.

هەروەها قایمقامی عەنکاو ئاماژەی بەوەشکرد: ئێستا هەر هاووڵاتییەک مامەڵەیەکی لە قایمقامییەت هەبێت، ماوەی چاوەڕوانی بۆ تەواوکردنی مامەڵەکەی لە نێوان 15 بۆ 20 خولەکە و بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی، کارەکانی مامەڵەکەی لە هەموو ژوورەکان بۆ ڕایی دەکرێت و ئەنجامەکەی پێدەدرێتەوە کە بەم شێوازە، هاووڵاتی کەمترین چاوەڕوانی و ماندووبوونی دەبێت بۆ ڕایی کردنی مامەڵەکەی.

ئایزە (ISO) کورتکراوەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتییە بۆ بە ستانداردکردن و لە زیاتر 100 وڵاتی جیهان پەیڕەو دەکرێت کە لە ساڵی 1947 دامەزراوە و بارەگای سەرەکی لە ژنێڤی سویسرایە.

ئەو بڕوانامەیەی قایمقامییەتی عەنکاوە وەریدەگرێت، (ISO 9001 - 2015) بریتییە لە سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی کوالێتی، کە سیستمێکی به‌رێوه‌بردنی ته‌واوە کە لە هەموو یەکە کارگێڕییەکانی دامەزراوەیەک جێبەجێ دەکرێت، به‌ ئامانجی به‌دیهێنانی داواکاری و خواستی هاووڵاتییان که‌ یەکێکە لە‌ سه‌رکه‌وتووترین سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن لەسەر ئاستی جیهاندا.

قایمقامییەتی عەنکاوە بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنێت
قایمقامییەتی عەنکاوە بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنێت