پارێزگاری نه‌ینه‌وا بۆ كوردستان24: نه‌بوونی سیاسه‌تێكی ڕوون له‌لایه‌ن به‌غداوه هۆكاری داگیركردنی نه‌ینه‌وا بوو

چه‌كدارانی ڕێكخراوی داعش 10 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هێرشیان كرده سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وا و سوپای عێراقیان لێ به‌ده‌رنا و باڵاده‌ستی خۆیان به‌سه‌ردا سه‌پاند و كۆنترۆڵیان كرد، له لای خۆیه‌وه پارێزگاری نه‌ینه‌وا سه‌رنج بۆ هۆكاره‌كانی كه‌وتنی شاره‌كه ڕاده‌كشێت و هۆكاری سه‌ره‌كی بۆ نه‌بوونی ڕێنمایی و سیاسه‌تێكی گونجاو و دروستی حكوومه‌تی عێراق بۆ به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌كه و هاوكات نه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی دروست له نێوان خه‌ڵكی شاره‌كه و هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه؛ ده‌شڵێت، بارودۆخێكی نائاسایی له شنگال هه‌یه و حكوومه‌تی فیدراڵ ئاگه‌داری ئه‌م بارودۆخه‌یه.
عه‌بدولقادر ده‌خیل، پارێزگاری نه‌ینه‌وا له میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژ كه له لایه‌ن ژینۆ محه‌ممه‌د له كوردستان24ـوه پێشكه‌ش ده‌كرێت، گوتی، مایه‌ی سه‌رنجه له‌دوای ساڵی 2003ـوه له لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه سیاسه‌تێكی ڕوون نه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا به‌ڕێوه ببات.
پارێزگاری نه‌ینه‌وا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا، نه‌بوونی ئه‌و سیاسه‌ته له لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه، زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری بۆ هاتنه‌پێشه‌وه‌ی گرووپه چه‌كداره‌كان و تیرۆریسته‌كان هێنایه ئارا و بتوانن له ناوچه‌كانی نه‌ینه‌وادا خۆیان دروست بكه‌ن و ڕێكخستنه‌كانیان توند بكه‌ن.
عه‌بدولقادر ده‌خیل ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له كۆتاییدا ئه‌م زه‌مینه‌یه وایكرد، داعش و ڕێكخراو و گرووپه چه‌كداره ڕادیكاڵه‌كانی دیكه نه‌ینه‌وا و خه‌ڵكه‌كه‌ی بكه‌نه دیلی خۆیان.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی نه‌ینه‌وا له لایه‌ن داعشه‌وه، هۆكاره‌كه‌ی بۆ داڕووخانی دۆخی ئه‌منی شاره‌كه بوو له لایه‌ن سوپای عێراق و هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه، كه كۆنترۆڵی شاره‌كه‌یان له ده‌ستدا بوو.
ده‌خیل تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی زاڵبوونی داعش له‌سه‌ر نه‌ینه‌وا و خه‌ڵكه‌كه‌ی، له بنه‌ڕه‌تدا بۆ خراپی په‌یوه‌ندیی نێوان خه‌ڵكی ئه‌و شاره و ده‌زگه ئه‌منییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ئه‌مه‌ش هۆكاری ڕاسته‌قینه بوو.
عه‌بدولقادر ده‌خیل گوتیشی، بارودۆخێكی نائاسایی له شنگال هه‌یه و حكوومه‌تی فیدراڵ ئاگه‌داری ئه‌م بارودۆخه‌یه. جه‌ختیشی كرده‌وه هه‌وڵێكی جیددی هه‌یه بۆ دانانی قایمقامێك بۆ شنگال به ئاگه‌داری و هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی فیدراڵ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.