پارتی لە پەرلەمان تێبینییەکانی چارە دەکات و یەکێتیش لەگەڵ وادەکەی کۆمیسیۆنە
K24 - هەولێر:
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ھۆکاری سەرەکییان بۆ بڕیاری بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا دەکات.
جوان یونیس ڕۆژبەیانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: ھەموو تێبینیەکانی پارتی چارەنەکراون، بەڵام بڕیاریان داوە، دوای دەست بەکاربوونی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە ڕێگەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەوە، تەواوی تیبینیەکانیان لەسەر ھەڵبژاردن چارەبکەن.
ئەو وادەیەی بۆ ھەڵبژاردن دیاریکرا، بەسەرچوو و ھەڵبژاردنیش ئەنجام نەدرا. لایەنەکان چاوەڕێی وادەی نوێ لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن کە ڕۆژێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات.
دوای بڕیارەکەی پارتی، لایەنەکان کەوتوونەتە خۆ، دەزانن ئێستا ھەڵبژرادن دەکرێت، یەکێتی دڵخۆشە بە بڕیارەکەی پارتی و داوا دەکات لە نزیکترین کاتدا وادەکە دیاری بکرێت و لەگەڵ ئەوەدان، ئەو وادەیەی کۆمیسیۆن دیاری کردووە، سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری لێ بدات.
لەلایەن خۆیەوە، ھەژار محەممەد، بەرپرسی بەشی ھەڵبژاردنی مەڵبەندی سێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خۆشحاڵین کە پارتی بەشداری ھەڵبژاردن دەکات، داوا دەکەن لە نزیکترین کاتدا وادەی نوێی ھەڵبژاردن دیاری بکرێت.
ەمەش لە کاتێکدایە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە (8 تاوەکوو 13ی حوزەیرانی 2024)، دەرگای تۆمارکردن بۆ هاوپەیمانیی، پارتە سیاسییەکان، کاندیدانی سەربەخۆ و کاندیدانی لایەنەکان کردووەتەوە و داوای کردووە، هەر لایەن و کەسێک خواستی بەشداری لە هەڵبژاردنی 2024 پەرلەمانی کوردستان هەبێت دەتوانێت لەو ماوەیە سەردانی نووسینگەکانی کۆمیسیۆن بکەن لە پارێزگاکان بۆ خۆ تۆمارکردن.
پێشتریش کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 5ـی ئەیلوولی 2024ـی پێشنیازکرد و بە نووسراوێکی فەرمیش پێشنیازەکەی ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کردووە.