ستێڤانی دوژاریک: نیگەرانین لە کوژرانی خەڵکی سڤیلی غەززە

ستێڤانی دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان
ستێڤانی دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان

گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، زۆر نیگەرانن لە کوژرانی خەڵکی سڤیلی غەززە لەژێر ناوی ئۆپراسیۆنی سەربازیدا.

ستێڤانی دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، باشترین کار لە ئێستادا بۆ چارەسەرکردنی دۆخی غەززە دەستکردنە بە گفتوگۆ لەنێوان لەلایەن لایەنە بەشەڕەهاتووەکانەوە.

ئەو گوتەبێژە گوتی، "پێشوازی لە ئازادکردنی چوار بارمتەی ئیسرائیلی لەغەززە دەکەین و دوای ئازادکردنی بارمتەکانی دیکەش دەکەین".

سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاشیگەیاند، زۆر نیگەرانە لەوەی خەڵک لەژێر ناوی ئۆپراسیۆنی سەربازی لەغەززە دەکوژرێت، جارێکی دیکە داوا لەسەرجەم لایەنەکانی شەڕی غەززە دەکەین کەسانی سڤیل بپارێزن بەتایبەتی ئافرەت و منداڵ، چونکە ئەمە یاسای نێودەوڵەتییە و پێویستە هەمووان پابەندی بن.

ڕوونیشی کردەوە کە پێیانوایە باشترین هەنگاو ئێستە دەستکردنە بە گفتوگۆکان، چونکە دەستەبەری ئازادکردنی بارمتەکان و گەیاندنی هاوکاریی زیاتر بە غەززە دەکەن.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.