فەرمانگەی میدیاو زانیاری: ئەو سکاڵایەی لەسەر کەناڵێک تۆمار کراوە پەیوەندی بە سەرۆکی حکوومەتەوە نییە

فەرمانگەی میدیاو زانیاری ڕایگەیاند، ئەو سکاڵایەی لەسەر کەناڵی ئێن ئار تی تۆمار کراوە، هیچ پەیوەندی بە سەرۆکی حکوومەتەوە نییە و هی وەزارەتی دارایی و ئابوورییە.

فەرمانگەی میدیاو زانیاری لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، كەناڵی "ئێن ئاڕ تی" هەواڵێکی بڵاو کردووەتەوە، گوایە "سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سکاڵای لەسەر کەناڵەکە و پەیامنێرەکەیان تۆمارکردووه‌".

ئاماژەی بەوەشدا، لێرەدا ڕایدەگەیەنین کە سکاڵاکە هیچ پەیوەندی بە سەرۆکی حکوومەتەوە نییە و هی وەزارەتی دارایی و ئابوورییە، لەسەر هەواڵێکی بێ بنەما و ناڕاست کە کەناڵەکە بڵاوی کردووەتەوە، گوایە بانکی منارە لە هەولێر 960 ملیار دیناری تێدایە و بۆ مووچە بەکار نایەت، بۆیە وەزیری دارایی و ئابووری داوای تۆمار کردووە و پەیامنێرەکەش هەر دوێنێ بە کەفالەت ئازاد کراوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە، پێویستە ئەو كەناڵە لەسەر بنەمای پیشەیی بوون و پابەندبوون بە ڕێساكانی كاری میدیایی، خۆی لەو جۆرە هەواڵانە بەدوور بگرێت و بەر لە بڵاوکردنەوە، لە ناوەرۆکی پەیامەكانی دڵنیابێتەوە.

Fly Erbil Advertisment