ئومێد خۆشناو: گرفتی سەرەکیی کەمئاوی لە هەولێر کارەبای نیشتمانییە

ڕامی نووری قایمقامی عەنکاوە - ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر
ڕامی نووری قایمقامی عەنکاوە - ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە بارەی گرفتی کەمئاویی و بێ ئاوی چەند گەڕەکێکی ناوندی شاری هەولێر ڕایگەیاند، سێ ساڵە چاوەڕوانین وەزارەتی کارەبا، کارەبای نیشتمانی بۆ بیرەکانی ئاو دابین بکات، بەڵام بەداخەوە تاوەکوو ئێستا هیچ کارەبایەکی دابین نەکردووە.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئومێد خۆشناو گوتی: %90ی گرفتی ئاوی گەڕەکەکانی سەنتەری شاری هەولێر، بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانییە، بەداخەوە سێ ساڵ دەبێت بڕیاربوو وەزارەتی کارەبا،  کارەبای نیشتمانی بۆ بیرەکان بۆ بیرەکان دابین بکات، بەڵام تاوەکوو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.

گوتیشی: هەر بۆ ئیدارەدانی قەیرانی کەمئاوی لە هەولێر لە دوو ساڵی ڕابردوو تاوەکوو ئێستاش دابینکردنی کارەبای بیرەکان لە ڕێگەی مووەلیدەی گەڕەکەکانەوە بەردەوامە، ئەمەش کارەبایەکی زۆری پێویستە، هەربۆیە ئەم شێوازە پچڕ پچڕەی کارەبا وایکردووە تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو کاتێکی زۆریان بوێت بۆ ئەوەی پڕ ببن و ئاو بگاتە تەواوی شوێنەکان.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی دا، لە دوو ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 270 بیر بە مووەلیدەی گەڕەکەکانەوە بەستراوەتەوە و بۆ ئەمساڵی سەروی 300 بیر لە پلاندایە لە ڕێگەی مووەلیدەی گەڕەکەکانەوە کارەبایان بۆ دابین بکرێت.

هەروەها ڕایگەیاند، پرۆسەی لێدانەوەی بیری نوێ لە جێگە بیرە وشکبووەکان دەستی پێ کردووە و جگە لەمەش، پلانێکی دیکەی حکوومەت بۆ چارەکردنی کێشەی کەم ئاوی سوود وەرگرتنە لە ئاوی سەر زەویی بۆ ئەمەش هەوڵێک هەیە بەم نزیکانە لوولەی زیاتر گەیاندنی ئاو بۆ ناوەندی هەولێر زیاد بکرێن.