سەرکار سورچی: هیچ تووشبوونێک بە 'کۆلێرا' لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان هیچ تووشبوونێک بە نەخۆشیی کۆلێرا تۆمار نەکراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە (11ـی حوزەیرانی 2024) دکتۆر سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هیچ تووشبوونێک بە نەخۆشیی 'کۆلێرا' لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە، ئەوەی هەیە تەنها پەتای سکچوون و ڕشانەوەیە کە زیاتر لە نێو منداڵاندا بڵاو بووەتەوە .
ڕێنماییەکانی خۆپاراستن لە کۆلێرا:
1- پێویستە تانكی ئاوی خواردنەوە بەبەردەوامی پاك بكرێتەوە، بۆ نمونە لانی كەم شەش مانگ جارێك و دەبێت تانكی ئاوەكان بەبەردەوام سەریان داپۆشراو بێت.
2- سەوزە و میوە بەباشی بە پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم بشۆردرێتەوە.
3- خواردنی سەر عەرەبانە و دەستگێڕەكان مەترسیدارن و خۆیان لێ بپارێزە.
4- لەكاتی بینینی هەر سەرپێچییەك كە زیان بە تەندروستیی هاووڵاتیان بگەیەنێت، پێویستە نزیكترین بنكەی تەندروستی، یاخود بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لێ ئاگادار بكەرەوە.
5- دڵنیابە لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەكەت و پاك و خاوێن ڕاگرتنی.
6- نەخواردنی ئەو بەروبوومانەی كە بە ئاوی قورس و پیس ئاو دەدرێت.
7- شوشتنی دەستەكانت بەباشی پێش ئامادەكردنی خواردنەكان و دوای چوونە تەوالێت و پێش نان خواردن.
8- تەنها بەفرگری ماڵەكانتان بەكاربهێنن بۆ ساردكردنی ئاوی خواردنەوە، بەهیچ شێوەیەك سەهۆڵ و بەفری سەرجادە و كۆڵانەكان بەكار مەهێنە ڕەنگە بە ئاوی پاكژكراو دروست نەكرابێت.
نیشانەکانى نەخۆشی کۆلێرا
- سکچوونێکى توند، کە لە شێوەى ئاوى برنجە و بۆنێکی ناخۆشی هەیە.
- ڕشانەوەیەکی زۆر.
ئەم دوو نیشانەیەی نەخۆشییەکە، وادەکات نەخۆش بڕێکی زۆری ئاو و خوێی لەش لە ماوەیەکی کەمدا لەدەست بدات و ببێتە هۆی لاوازبوونی گورچیلەکانی، بۆیە پێویستە بەخێرایی ئەو بڕە ئاوە بگەڕێندرێتەوە بۆ جهستە لە ڕێگەی دهمارهكانییهوه "موغەزی"ی ئاو وهربگرێت، یان خواردنەوەی بڕێکی باشی ئاو.
چارەسەری نەخۆشی کۆلێرا
- خواردنەوەی رێژەیەکی زۆر شلەمەنی، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شلەیەی جەستە لەدەستی داوە.
- خواردنی شلەمەنی و سووپ و ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ماددە خۆراکییەکان.
- پێدانی دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییەکە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە، بە تایبەت دەرمانی دژە زیندەگی (anti biotic).
چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا
- خواردن و خواردنەوەیەك، کە پیس بووبێت بەم میکرۆب یان بەکتریای (viblro cholera)
- پیسبوونى ئاوى خواردنەوە بە پاشەڕۆى مرۆڤ، کە میكرۆبی جۆراوجۆر پێکهاتووە.
- چوونە ژوورەوەى بەکتریاکە ڕاستەوخۆ لە رێگەى بەکارهێنانى شتى پیس بۆ ناودەم.
- گواستنەوەی لە ڕێگەی مێشوولەوە، لە شوێنێکی پیسبووەوە بۆ کەلوپەل و خۆراك.