بەرگریی شارستانیی هەرێم : ئاگر لە پوش و پەڵاش بەرمەدەن
بەرگریی شارستانیی هەرێم بۆ ڕێگریی لە ئاگرکەوتنەوە و خنکان لە وەرزی گەرما و هاویندا، ڕێنمایی دەداتە هاووڵاتییان خۆیان لە ڕووداوەکان بپارێزن.
وەک لە ڕێنماییەکانی بەرگریی شارستانیدا هاتووە بۆ هاووڵاتییان، نابێت به هيچ شێوەیەك ئاگر لە پوش و پەڵاشی پێش ماڵ ياخود له دەشتودەر و و گۆڕستان و باخ و بێستانەكان بەربدەن، له كاتى گەشت و سەيرانیش ئاگر له دەشت و چيا و شوێنی گشتی نەکەنەوە، چونکە ئەگەر قەبارەى ئاگرەکە گەوره بێت يان پاشماوەى ئاگرەکە بەجێ بھێڵن، بەھۆی (با)وە ئەو ئاگرە بڵاو دهبێتەوە.
بەرگریی شارستانیی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، جگەره فڕێ نەدەن و پاشماوەی خەڵوزى نێرگەلە بەجێ نەهێڵن، منداڵان ياريی ئاگرین له كاتى سەيراندا بەکارنەهێنن، هاووڵاتییان نیشانە دانەنێنەوە بۆ تەققەکردن بە چەکی ئاگرین بەتایبەت لە دەشتەکان.
داواش دەکات، بوتڵی شووشه و دەببەى پاشماوه ياخود مادده سووتێنەرەكانی وەک گاز و بەنزين و نەوت و مادده جەلییەکان بۆ گەشانەوەى خەڵووز (ڕەژوو) بهكار نەهێنن.
بۆ جووتیارانیش دەڵێت، شۆفێری دەڕاسە نابێت له ناو دەغل و پاوان دەڕاسەكەی چاك بكات ياخود لەحيم و كۆسەرەی بۆ بەكار بھێنێت، ياخود بۆ چێشت لێنان ئاگری تێدا بکاتەوە.
لەبارەی ئەو گەشتیارانەی دەچنە نزیک چەم و ڕووبارەکان، بەرگریی شارستانیی دەڵێت، نابێت ئەوانەی دەچنە نزیك چەم و ڕووبار و بەست و بەنداوەكان، مەلە بكەن يان ڕێگه به منداڵەكانيان بدەن مەله بكەن. دەشڵێت، ئاگهداری ئەو منداڵانە بن كه خاوەن پێداویستیی تايبەتن، يان نەخۆشیی ئۆتیزمیان هەیە، نزیك نەكەونەوه له ئاوی چەم و ڕووبارەكان.
ئاماژەی بەوەش کردووە، گەشتيارى بيانى و خوارووی عێراق دەبێت ئاگهداری ئەو شوێنانە بن كه گەشتى بۆ دەكەن، يان سەردانى دەكەن، تاكوو تووشى ھەڵدێران و خنكان نەبن، چونكه ئاوی كوردستان سارده هەر چەنده مەلەوانيش بن، بە ھۆی ساردیی ئاوەکان، دەبێتە ھۆی گرژبوونی دەمار و خنكانيان.
سەرکەوت کاڕەش، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی پێشتر ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە هەزار و 292 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە و ڕووداوی هەڵدێران و خنکان و ڕووداوەکانی دیکە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تۆمار کراون، لە پارێزگای هەولێر 358 ڕووداو، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 351 ڕووداو، لە پارێزگای سلێمانی 217 ڕووداو، لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 132 ڕووداو، لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 115 ڕووداو، لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین 98 ڕووداو، لە پارێزگای هەڵەبجە 21 ڕووداو.
بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن لە بەرگریی شارستانیی هەرێم، ئاماژەی بەوە کردووە، بە هۆی ئەم ڕووداوانەوە، بە گشتیی62 کەس مردوون، لەئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین 17 کەس، لەپارێزگای هەولێر 16کەس، لەپارێزگای دهۆک 9 کەس، لەئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 8 کەس، لە پارێزگای سلێمانی 8 کەس، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەک کەس، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ یەک كەس، لەپارێزگای هەڵەبجە یەک کەس و لە ئاکرێش یەک کەس.