عێراق له‌ ڕیزبه‌ندی وڵاتانی سەقامگیردا له‌ پله‌كانی كۆتاییدایه‌

عێراق تا ئێسته‌ له‌ پله‌كانی كۆتایی ڕیزبه‌ندی ئه‌و وڵاتانه‌دایه‌ كه‌ ئاشتی و سەقامگیرییان تێدایە، ئه‌گه‌رچی به‌راورد به‌ ساڵی ڕابردوو دوو پله‌ هاتووه‌ته‌ پێش، به‌ڵام هێشتا له‌ پله‌كانی دواوه‌یه‌.

په‌یمانگه‌ی ئابووریی و ئاشتی (IEP) له‌ دوایین پۆلێندا، ڕیزبه‌ندی وڵاتانی له‌ ڕووی سه‌قامگیریی و ئاشتییه‌وه‌ بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ عێراق به‌ پێی ئه‌و پۆلێنه‌، له‌ كۆی 163 وڵات، له‌ ڕیزبه‌ندی 151یه‌میندایه‌.

په‌یمانگه‌ی ئابووریی و ئاشتی (IEP) له‌ ساڵی 2023ـدا، عێراقی خستبووه‌ پله‌ی 153، واته‌ ئه‌م ساڵ دوو پله‌ هاتووه‌ته‌ پێش.

په‌یمانگه‌ی ناوبراو ڕوونی كردووه‌ته‌وه‌، عێراق له‌ ساڵی 2024ـدا ژمارەی خاڵەکانی بۆ دوژمنایەتی و میلیتاریزم و گرژییەکان لە 3.057 بۆ 3.045 کەمی کردووە.

هه‌روه‌ها په‌یمانگه‌ی ئابووریی و ئاشتی (IEP) سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشاوه‌، ئیمارات ئه‌م ساڵ به‌راورد به‌ ساڵی ڕابردوو، 31 پله‌ هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌، دوای ئه‌ویش سلڤادۆر بووه‌ به‌ 21 پله‌ و پاشان كازاخستان به‌ 19 پله‌.

تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ ئیسرائیل 11 پله‌ چووه‌ته‌ دواوه‌ی ڕیزبه‌ندییه‌كه‌ و سیرالیۆنیش 23 پله‌ دابه‌زیوه‌ و دوای ئه‌ویش ئیكوادۆر دێت به‌ دابه‌زینی 19 پله‌.

ڕۆژی 30ـی نیسانی 2024، په‌یمانگه‌ی ئابووریی و ئاشتی (IEP) ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی پێوه‌ره‌كانی تیرۆریی جیهانی بڵاو كرده‌وه‌‌، تێیدا ئه‌وه‌ی خسته‌‌ ڕوو، عێراق له‌ كۆی 163 وڵاتدا كه‌ له‌ ساڵی 2024ـدا زۆرترین زیانیان به‌هۆی تیرۆره‌وه‌ به‌ركه‌وتووه‌ و له‌ ڕیزبه‌ندی یازده‌میندایه‌.

هەروا ئەوەش ڕوون کرابووه‌وه‌، ڕیزبه‌ندییه‌كه‌ به‌ پێی خاڵ بووه‌، واته‌ به‌هۆی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان و ژماره‌ی كوژراو، بریندار و بارمته‌كانه‌وه‌ پێوه‌ره‌كان دانراون.

باس له‌وه‌ش كرابوو‌، خاڵه‌كانی عێراق له‌ كۆی 10 خاڵدا، گه‌یشتووه‌ته‌ 7.07 خاڵ. هه‌روه‌ها بۆركینا فاسۆ له‌ به‌ 8.5 خاڵ له‌ پێشه‌وه‌ی ڕیزبه‌ندییه‌كه‌دا دێت.