لێژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140: دەبێت خاوەندارییەتی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان بگەڕێنرێتەوە

پەڵکانە.. عەرەبی هاوردە بە پشتیوانی سوپای عێراق ڕێگری لە جووتیارانی کورد دەکەن - ئەرشیف
پەڵکانە.. عەرەبی هاوردە بە پشتیوانی سوپای عێراق ڕێگری لە جووتیارانی کورد دەکەن - ئەرشیف

K24 – هەولێر:

بەپێی نووسراوێکی بەپەلەی لێژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق، هەموو گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی سەردەمی ڕژێمی پێشوو بە هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێن و دەبێت خاوەندارییەتی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان بگەڕێنرێتەوە.

بە نووسراوی ژمارە (815)ـی 22ـی ئایاری 2024 بە ئیمزای هادی عامری، سەرۆکی لێژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور، دەرچووە و ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی کراوە، تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، هەموو گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای کەرکووک کە بەپێی بڕیارەکانی "لێژنەی کاروباریی باکووریی هەڵوەشاوە" کراون، بڕیاری ژمارە (29)ـی ساڵی 2012 دەیانگرێتەوە کە تایبەتە بە گرێبەستە کشتوکاڵییە هەڵوەشاوەکان.

لە خاڵی دووەمی نووسراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، ڕاستەوخۆ دەبێت گرێبەستی نوێ بەناوی خاوەنە ڕەسەنەکانی ئەو زەوییانەوە بکرێت، کە پێش ئەو بڕیارانە، خاوەنی زەوییەکان بوون.

هاوکات، لە نووسراوەکەدا داوا لە وەزیری کشتوکاڵی فیدراڵی کراوە، بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای کەرکووک ئاگادار بکاتەوە، کە کار بە ناوەرۆکی نووسراوەکە بکات.

نووسراوەکەی لێژنەی جێبەجێ کردنی ماددەی 140ـی دەستوور
نووسراوەکەی لێژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور

ماوەی حەوت ساڵە، لە دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک، لە کاتی تۆوکردن و دروێنەی زەوییەکانیان، ڕووبەڕووی گرفت و هەڕەشەی عەرەبە هاوردەکان و سوپای عێراق دەبنەوە. لە کاتێکدا، کورد خاوەن تاپۆی ڕەشی زەوییەکانە و عەرەبی هاوردەش گرێبەستێکی کشتوکاڵیی سەردەمی بەعسیان کردووەتە بەڵگەی خاوەندارێتی ئەو زەوییانە.

گوندی پەڵکانە، دەکەوێتە باکووری شارەدێی شوانی پارێزگای کەرکووک، یەکێک لەو 40 گوندەی شاردەێی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دووبز کە هەموو دانیشتووانەکەی کوردنشینن و لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراقدا، دانیشتووانەکەی ڕاگوێزران و زەوییەکانیان درایە عەرەبەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ئەم دۆخەش تاوەکو پرۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی 2003 بەردەوام بوو.

شاردەێی سەرگەڕان، گەورەترین شاردەێی قەزای دووبزە، ڕووبەرەکەی زیاترە لە 667 کیلۆمەتر چوارگۆشە و نزیکەی لە 7%ـی ڕووبەری پارێزگای کەرکووک پێک دەهێنێت. هاوکات بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ساڵی 2021، ژمارەی دانیشتوانەکەشی زیاتر لە 22 هەزار کەسن و زیاتر لە 18%ـی ڕێژەی دانیشتووانی پارێزگای کەرکووک پێک دەهێنن.

پەڵکانە تاکە گوندی کوردنشینانی شارەدێی سەرگەڕان نییە ڕووبەڕووی کێشە بووتەوە، بەڵکو هەریەکە لە گوندەکانی "گابەڵەکە، شەناغە، خەرابە و سەربەشاخ"ـیش لەلایەن عەرەبی هاوردە و سوپای عێراقەوە، بەردەوام ڕێگریی لە جووتیاران دەکرێت بۆ کاری کشتوکاڵی لەسەر زەوییەکانیان. لە دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، بەردەوام هەر پێنج گوندەکە لەژێر پیلانگێڕیی بەردەوامی پرۆسەی تەعریبکردن و فشاری هێزە ئەمنییەکانی عێراقن.

هەرچەندە پێشتر حکوومەتی فیدراڵی عێراق بە بڕیاری ژمارە 29 لە ساڵی 2012، هەموو گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی سەردەمی ڕژێمی پێشووی لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای کەرکووک دەرکردووە و ئاماژەی بە گەڕانەوەی خاوەندارێتیی زەوییەکانیش بۆ دانیشتووانە ڕەسەنەکەی کردووە، بەڵام نە دەسەڵاتی دادوەری، نە وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، بەرگری، ناوخۆ، پارێزگا و فەرمانگەکانی سنوورەکە، ناوەڕۆکی ئەو فەرمانە جێبەجێ ناکەن.

هاوکات لەلایەن خۆشیەوە، وەزیری دادی حکوومەتی فیدراڵی، نووسراوێکی ئاراستەی دادگاکان کردووە کە کار بە گرێبەستە کشتوکاڵییەکان ناکرێت، بەڵام فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک بەردەوامە لەسەر داننان بەو گرێبەستانە و مافی خاوەندارێتی بە عەرەبی هاوردە دەدات، بیانووی ئەوەشی هەیە، لە وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵییەوە، نووسراوێکی هاوشێوەی وەزارەتی دادی فیدراڵی بەدەست نەگەیشتووە.

هەر لە درێژەی کاردانەوە نەرێنییەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر لەسەر کورد و پارێزگای کەرکووک بەتایبەتی، دروستبوونی پشتیوانی بوو بۆ عەرەبی هاوردە لەلایەن ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکەوە. بەشێوەیەک ڕاكان سه‌عید، پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك هەر لە مانگی تشرینی دووەمی 2017ـەوە‌ چه‌ندین نووسراوی ئاراستەی قایمقامی دووبز و فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سەڵاحەددین كردووە کە کارئاسانی بۆ ئەو عەرەبە هاوردانە بکەن جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانی شارەدێی سەرگەڕان.

پشتیوانی ئیدارەی خۆسەپێنی پارێزگای کەرکووک، هەر بەوەندەشەوە نەوەستاوە، بەڵکو هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان لە پۆلیس و سوپا بووە کە ڕێگری بکەن لە چاندن، دروێنەکردن و کاری کشتوکاڵی لەلایەن جووتیارانی کوردەوە لەسەر زەوییەکانیان تا لە دروستبوونی ئاڵۆزییەکاندا، چەندین جار جووتیارانی کورد دەستگیر کراون، سەرەڕای زیانگەیاندنێکی زۆر بە سەر و ماڵی هاووڵاتییانی کوردی ناوچەکە.