عێراق بووەتە وڵاتی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان

چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی پێشبینی ده‌كه‌ن، ڕوفاتی 400 هه‌زار قوربانیی لەنێو گۆڕه به‌كۆمه‌ڵەکاندا هه‌بن، مێژووی زۆربه‌یان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی پێشووی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه و ژماره‌ی هه‌ره زۆریان كورد و ئەمجا شیعه‌مەزهەبان و کریستیانەکانن.
بەپێی زانیارییەکان، به‌شێكیش له‌و گۆڕانه، بۆ تاوانه‌كانی تیرۆر ده‌گه‌ڕێنه‌وه، وێڕای دۆزینه‌وه‌ی ده‌یان گۆڕ و هه‌ڵدانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆریان، تا ئێستاش گومان ده‌كرێت ئه‌وه‌ی دۆزراونه‌ته‌وه ته‌نیا مشتێکی بچووک بێت له خه‌رمانی تاوانه گه‌وره‌كانی ڕژێمی پێشوو و تیرۆر.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ناوه‌ندی ستراتیجیی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له عێراق، تا ئێستە 215 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ له عێراق دۆزراونه‌ته‌وه، له‌و ژماره‌یه‌ش 130 گۆڕ هه‌ڵدراونه‌ته‌وه و هێشتا 85 گۆڕیان به هه‌ڵنه‌دراوی ماونه‌ته‌وه.
وه‌ك ئاماژه‌شی پێ داوه، له‌كۆی ئه‌و گۆڕانه‌ی هه‌ڵدراونه‌ته‌وه، ته‌نیا ڕوفاتی 7 هه‌زار و 367 قوربانی دۆزراونه‌ته‌وه.
پێشتریش فازڵ غه‌ڕاوی، سه‌رۆكی ئه‌و ناوه‌نده ئاشكرای كرد، ژماره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی پێگه‌ی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كانی سه‌رده‌می ڕژێمی پێشوو كه تا ئێستا ده‌ستنیشان كراون، 95 پێگه‌ی جیاوازه، له‌و ژماره‌یه 79 گۆڕ هه‌ڵدراونه‌ته‌وه و 16 گۆڕی دیكه‌ی به‌كۆمه‌ڵ تا ئێستا هه‌ڵنه‌دراونه‌ته‌وه.
هه‌رچی ئه‌و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵانه‌شن كه ڕوفاته‌كانیان قوربانیی ده‌ستی تیرۆرن، ژماره‌یان 120 شوێنه، له‌و ژماره‌یه 51 گۆڕ هه‌ڵدراونه‌ته‌وه و 69 پێگه‌ش هێشتا كاری هه‌ڵدانه‌وه‌یان بۆ نه‌كراوه.
به‌گوته‌ی غه‌ڕاوی، به له‌به‌رچاوگرتنی ئاماری قوربانییان و زۆری ژماره‌ی هاووڵاتییه بێسه‌روشوێنبووه‌كانی عێراق، تا ئێستاش ژماره‌یه‌كی زۆری گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ نه‌دۆزراونه‌ته‌وه، بۆ دۆزینه‌وه‌شیان چه‌ند میكانزمێك پێویسته، كه هێشتا له عێراق به‌رده‌ست نییه، گرنگترینیان:
به‌كارهێنانی مانگی ده‌ستكرد بۆ ڕووپێو و دۆزینه‌وه‌ی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان ونه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی مرۆیی و پێداویستی تایبه‌ت، لەگەڵ ته‌رخان نه‌كردنی بودجه‌ی پێویست چ بۆ دۆزینه‌وه‌ی گۆڕه‌كان یانیش هه‌ڵدانه‌وه‌یان یانیش پشكنینی پزیشكی و دی ئێن ئه‌ی بۆ دڵنیابوونه‌وه له ناسنامه‌ی ڕوفاتی قوربانیان.
هاوکات ته‌رخان نه‌كردنی هیچ بودجه‌یه‌ك بۆ تیمه‌كانی تایبه‌ت به گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له بارودۆخی سه‌خت و مه‌ترسیداردا كار ده‌كه‌ن، كه تا ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆریان به‌هۆی مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ ئێسك و پروسكی قوربانیان ڕووبه‌ڕووی حاڵه‌تی ده‌روونی نه‌خوازراو بوونه‌ته‌وه.