گوتەبێژی ئەپیکور: عێراق بەهۆی ڕاوەستانی هەناردەی نەوتی کوردستان 17 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە
گوتەبێژی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، بەهۆی وەستانی ئەو هەناردەکردنە، عێراق 17 ملیار دۆلاری زیانی بەرکوتووە.
سێشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2024، مایڵز کاگینز گوتەبێژی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی کوردستان( ئەپیکور) بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد کە، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو لە بەغدا کۆبوونەوەیەکیان هەبووە، لەو کۆبوونەوەیدا چەندین بابەتیان باسکردووە کە نوێنەرانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و وەزیری سامانە سروشتییەکانیش تێیدا ئامادەبوون، دەڵێ: وەک هەمیشە ئەپیکۆر داوای ئەو کۆبوونەوانە دەکات. دەشڵێت، بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، عێراق 17 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە. دەشڵێت، زیان بەر کۆمپانیاکانی نەوتیش کەوتووە، ئەوەش دۆخێکی باش نییە کە تێی کەوتووین. گوتی، ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد وەزیری نەوتی عێراق بەشداریی گفتوگۆکان بکات بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەست پێ بکاتەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێگەیەکی دووروو درێژیان لەبەردەمە بۆ ڕێککەوتن و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.
مایڵز کاگینز گوتی، هەناردەکردنەوەی نەوت وەبەرهێنانێکی زۆر جیدییە، پێویستە گفتوگۆکان پلانی هەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، تا ئێستا هیچ چارەیەک نییە، دەمانەوێت لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو گفتوگۆی جیددیی لەو بارەوە بکرێت.
گوتیشی، هەر کۆمپانیایەک دەتوانێ بڕیاری خۆی بدات کە چی دەکات دوای ڕاگرتنی نەوتی کوردستان، دەبێ بەغدا دەرفەتی ئەوە بدات کە گفتوگۆ لەبارەی چارەکردنەکان بکەین، دەشڵێت کە وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە دەیانەوێت دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەست پێ بکاتەوە.
کاگینز پێی وابوو کە سەرکردەکانی عێراق ڕێز لە خەڵکی هەرێمی کوردستان ناگرن، دەڵێت، ئەوانەی هەژموونیان بەسەر حکوومەتی عێراقدا هەیە پێیان ئاساییە خەڵکی هەرێمی کوردستان گرفتاری ئەو دۆخە ئابوورییە بن. ئاشکرای کرد کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت دەیانەوێت ئابوورییەکی بەهێز لە کوردستان هەبێت.