حکوومەتی عێراق وەڵامێکی ماتیۆ میلەر دەداتەوە

لە وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، حکوومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت حەشدی شەعبی بەشێک نەبووە لە هێرشکردنە سەر براندە ئەمەریکی و بەریتانییەکان لە بەغدا.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەڵامی ماتیۆ میڵەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای دایەوە کە ڕایگەیاندبوو، بەشێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی پابەندی بڕیارەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق نابن.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەیدا باس لەوە دەکات، حەشدی شەعبی بەشێکە لە دامەزراوەی ئەمنی عێراق و پەیوەستە بە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەشڵێت، "ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەر براندە ئەمەریکییەکان لە یاسا دەرچوون و هیچ پەیوەندییەکیان بە حەشدەوە نییە، ڕووبەڕووی سزای یاسایی و ئیداریی توند دەکرێنەوە."
ڕۆژی چوارشەممە، 5-6-2024، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە مێدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاند، "هێرش کراوەتە سەر پەیمانگای کامبریج بۆ فێربوونی زمان لە ناوچەی ئەلعروبە لە پارێزگای دیوانیە".
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "هێرشەکە لەلایەن ماتۆڕسوارێکی نەناسراوەوە بە نارنجۆک کراوە"، ئاماژەی بەوەش کرد، "هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی یەکێک لە پاسەوانەکانی پەیمانگەکە، هێرشکەرەکەش هەڵاتووە".