دەستەی سوێندخۆران هانتەر بایدن بەسێ تاوان تۆماتبار دەکەن

دادگای فیدراڵیی ئەمەریکا لە ویلایەتی دێلاوێر، هانتەر بایدن، کوڕی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا بە سێ تۆمەتی تاوانکاریی پەیوەست بە کڕینی دەمانچە لە ساڵی 2018دا سزا دا.

دەستەی سوێندخۆران، هانتەر بایدنیان تۆمەتبار کرد بە درۆکردن لەگەڵ بازرگانێکی چەک کە مۆڵەتی فیدراڵیی هەیە؛ ناوبراو لە فۆرمی حکوومەتدا درۆی کردووە بەوەی کە بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکان نییە و بەو هۆیەوە بۆ ماوەی 11 ڕۆژ بە شێوەیەکی نایاسایی چەکی هەڵگرتووە.

دوای دەرچوونی بڕیارەکە، ڕەنگە سزای زیندانیی بە 25 ساڵ بەسەر هانتەردا بسەپێنرێت، بەڵام بابەتەکە پەیوەستە بە دادوەر ماریلین نۆرێیکا کە سەرپەرشتیی دۆسیەکە دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، کە تاوانباران یەکەم جار زۆرترین سزا وەرناگرن، هەروەها دادوەر مافی ئەوەی هەیە بڕیار بدات کە ئایا زیندانیی بکات یان نا.

کێشە یاساییەکانی هانتەر بایدن بەم بڕیارە کۆتایی نەهات؛ لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا لە کالیفۆرنیا ڕووبەڕووی دادگا دەبێتەوە بە تۆمەتی نەدانی یەک ملیۆن و 400 هەزار دۆلار باج، کۆمارییەکانی کۆنگرێس ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەردەوام دەبن لە ڕاوەدوونانی سەرۆک، هەروەها سەرۆک بایدن لەلایەن داواکارانی گشتیی کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ کوڕەکەی دەکەن، بە هیچ کارێکی هەڵە تۆمەتبار نەکراوە.

جۆو بایدن خۆی لە هۆڵی دادگا لە ویلایەتی دێلاوێر دوور خستەوە، کە هانتەری کوڕی لێ دادگایی دەکرا، زۆریشی لەبارەی دۆسیەکەوە نەگوت، لە ترسی ئەوەی نەوەک کاریگەری لەسەر دۆسیەکی تاوانکاری دروست بکات کە وەزارەتی داد لە وڵاتەکەیدا هێناویەتییە ئاراوە.

داواکاری گشتیی بەشێکی زۆری دادگاییکردنەکەی تەرخان کرد بۆ تیشک خستنە سەر جیددیەتی کێشەی ماددە هۆشبەرەکانی هانتەر بایدن، لە ڕێگەی وەرگرتنی گوتەی زۆر کەس و بەڵگەوە.

دەستەی سوێندخۆران گوێیان لە هاوسەری پێشوو و خۆشەویستەکەی پێشووی هانتەر بایدن بوو، کە شایەتیان داوە بەکارهێنەر و ئالوودەی کۆکاین بووە. دەستەی سوێندخۆران وێنەی کوڕەکەی سەرۆکیان بینی کە بێ کراس و قژی شێواو و لە ژوورێکی پیسدا بووە، بە نیوە ڕووت و لوولەیەکی شکاوی بەدەستەوە بووە. هەروەها سەیری ڤیدیۆیەکیان کردووە کە تێیدا کۆکاینی لەسەر تەرازووەکە داناوە.

داواکارانی گشتی هەستیان کرد ئەمانە بەڵگەی پێویستن بۆ سەلماندنی ئەوەی کە هانتەر تەمەن 54 ساڵ لە حاڵەتی ئالوودەبووندایە کاتێک دەمانچەکەی کڕیوە، هەر بۆیە درۆی کردووە کاتێک لەسەر فۆرمەکە ئاماژەی بە "نا" کردووە کە پرسیاری ئەوەی لێکردووە ئایا "بەکارهێنەرێکی نایاساییە یان ئالوودەبووی ماددە هۆشبەرەکانە".

پارێزەری بەرگریکار، ئەبی لۆوێل ئاماژەی بەوەدا، کە باری دەروونی هانتەر بایدن کاتێک کتێبەکەی نووسیوە جیاوازە لەوەی کە دەمانچەکەی کڕیوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕەنگە هانتەر بایدن لەو کاتەدا هەستی بەوە کردبێت کە کێشەی خواردنەوەی هەیە، بەڵام کێشەی ماددە هۆشبەرەکانی نەبووە. بەکارهێنانی کحول ڕێگریی لە کڕینی دەمانچە ناکات.

Fly Erbil Advertisment