سەرکەوت کاڕەش: ڕووداوی خنکان بەراورد بەساڵانی ڕابردوو زیاتر بووە

گوتەبێژی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار ڕووداوی جۆراو جۆر ڕوویان داوە، کە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو زیاتر بووە.

مقەدەم سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئاماری ڕووداوەکان لەسەرەتای ساڵەوە تاوەکو ئێستا بە پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆکانەوە، گەیشتووەتە 2162 ڕووداوی جۆراو جۆر، هەروەها 31 حاڵەتی خنکانمان هەیە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ڕێژەیە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو زۆر زیادی کردووە، بەتایبەت حاڵەتەکانی خنکان، بەڵام ئەوەی جیاوازە لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا زۆرینەی ئەو کەسانەی خنکاون کوردن و خەڵکی هەرێمی کوردستانن. دەشڵێت: حاڵەتەکانی خنکان لە ساڵانی ڕابردوودا، بەشێک هاووڵاتیانی ناوەڕاست و باشوور بوو، بەشێکیشیان خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق بوون وەک هاووڵاتیانی سووری و ئێرانی بوون کە لەهەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون.

سەرکەوت کاڕەش گوتیشی: ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە نەک لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لە سەرتاسەری عێراق زۆر بووە، هۆیەکان "گۆڕانی کەشوهەوا، کەمتەرخەمیی هاووڵاتیان، کەلوپەلی کارەبایی و ناوچە پیشەسازییەکان" هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی زۆر هەبووە وەکو سووتانی پوش و پەڵاش و دەغڵ ودان، کە بەشێکی بۆ هەورە بروسکە دەگەڕێتەوە.

ڕاشیگەیاند، بەشێک لە هۆکانی ئاگرکەوتنەوە شورتی کارەبایە، بەشێکیشی بە ئەنقەستە، گوتیشی: لەسەرتای مانگی حوزەیرانەوە تاوەکو ئێستا ڕووداوی سوتانی پەرێز و دەشتەکان یەکجار زۆر بووە لەهەرێمی کوردستان، بەشێکیشیان هاووڵاتیان پەرێزەکان دەسوتێنن و دواتر لە کۆنترۆڵیان دەردەچێت.

گوتەبێژی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان پابەند کراون بە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان، هەروەها ڕێنماییەکان لە ڕێگەی کەناڵەکانی بینراو و بیستراو و سۆشیال میدیا بڵاو دەکەینەوە.

Fly Erbil Advertisment