وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێنماییەکانی سەربڕینی ئاژەڵی لە جەژنی قوربان بڵاو کردەوە

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکار و ڕێنماییەکانی سەربڕینی ئاژەڵی لە جەژنی قوربانی داهاتوو کە دەکاتە ڕۆژی یەکشەممە، 16-06-2024، بڵاو کردەوە.
بەشێک لە ڕێکار و ڕێنماییەکان:
1. بە مەبەستی ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون، بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی قوربانی بە شێوازێکی تەندروست، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان، جەخت دەکەینەوە پێویستە ئاژەڵەکان لە سەربڕخانەی فەرمی سەر ببڕدرێن.
2. لە ڕۆژانی جەژنی قوربان، سەربڕخانەکان بە ئامادەبوونی پزیشک و کارمەندی ڤێتەرنەری کراوە دەبن.
3. توند و تۆڵکردنەوەی ڕێکارەکانی پشکنینی پێش و دوای سەربڕینی ئاژەڵ و پشکنینی گۆشتی بەرهەم هاتوو.
4. پێویستە ئاژەڵەکە تەندروست بێت و هیچ نەخۆشییەکی نەبێت؛ گەنە (قڕنە) و مشەخۆری دەرەکی لەسەر نەبێت.
5. هەر ئاژەڵێک دەرمانی چارەکردنی پێ درابێت نابێت ڕاستەوخۆ سەر ببڕدرێت، بەڵکوو پێویستە کاتی سەبڕین دوای بەکارهێنانی دەرمان، بە پێی ڕێنمایی پزیکشیی ڤێرتەرنەری و تایبەتمەندیی دەرمانەکە بێت.
6. پێویستە لەسەر خاوەن ئاژەڵ پێش فرۆشتنی ئاژەڵەکانی (بۆ سەربڕین یان قوربانی) بۆ ماوەی نزیکەی سێ هەفتە هیچ جۆرە دەرمانێک نەدات بە ئاژەڵەکان و هۆڵی بەخێوکردنی ئاژەڵەکان بە دەرمانی تایبەت بڕشێنرێت و چارەسەری ئاژەڵە نەخۆشەکانی بکات.
7. پێویستە کەسی قوربانیکەر (قەساب و هاووڵاتی) ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ و گۆشت ئامادەکردن پەیڕەو بکەن، بەتایبەت بەکارهێنانی دەستکێش، جزمە و بەرکۆش.
8.لە کاتی گواستنەوەی گۆشت ڕەچاوی پلەی گەرمی بکرێت.
9. پێویستە گۆشتەکە 12-24 کاتژمێر لە ساردکەرەوە هەڵبگیرێت و پاشان بەکاربهێندرێت.
10. فڕێنەدانی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکە لەسەر شەقامەکان.
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە لە ئاژەڵیشەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: رێژەی مردن لەنێو تووشبووان %10 بۆ %40ـە.