دانا ئەمین: پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە سستی بەڕێوە دەچێت

بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت، بەپێی یاسا، هەڵدانەوە و بەدواداگەڕانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و هێنانەوە و بە خاک سپاردنیان، ئەرکی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانە، بەڵام پرۆسەکە بەسستی بەڕێوە دەچێت.

دانا ئەمین مەنسوور، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، 215 ناوچە لە عێراق هەیە کە ڕەنگە لەناوچەیەک چەند گۆڕێک هەبێت، بۆ نموونە بیابانی سەماوە یەک ناوچەیە چەندین گۆڕ هەڵدراوەتەوە کە دەکرێت هەر گۆڕێکیان زیاتر لە سەد ڕووفاتی تێدا بێت.

دانا ئەمین باسی لەوەش کرد، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، بەپێی یاسایی ژمارە 8ـی ساڵی 2006 ماددەی دووەم بڕگەی دەیەم، دۆزینەوە و گەڕان بەدوای گۆڕە بە کۆمەڵەکان هێنانەوە بۆ زێدی خۆیان و بەخاک سپاردنیان، ئەرکی وەزارەتی شەهیدانە. پرۆسەکە بۆ ئێمە تاڕادەیەک سستە، بەڵام ئەو پرۆسەیە بۆ بەغدا بەردەوامە.

گوتیشی: لە بەغدا یاسایی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەیە کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراقی  ئازاد کردووە تاوەکو کاری هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە لە وەزارەتی شەهیدان، ماددەی شەشی یاساکە لیژنەیەکی نۆ لایەنی پێک هێناوە، کە وەزارەتی شەهیدان تێیدا ئەندامە، هەروەها ئەنجوومەنی دادوەری و ئەو پارێزگایەی گۆڕە بە کۆمەڵەکەی تێدایە لەگەڵ پۆلیس تێیدا ئەندامە، ئەو لێژنەیە بڕیار لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕەکان دەدات، لە بڕگەی سێیەمی ماددەکە ئەرکی لێژنەکەی دیاری کردووە، لەبەر ئەوەی گۆڕەکان کەوتووەتە ناوەڕاست و باشووری عێراق.

بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان جەختیشی کردەوە، هەماهەنگی و پەیوەندیمان لەگەڵیان باشە، بەڵام گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق تەنها کوردی تێدا نییە، بەڵکو عەرەب و تورکمان و مەسیحی تێدایە، هەروەها بەغدا پلانی ساڵانەی هەیە بۆیە هەندێک جار پرسی ئەو گۆڕانەی کوردی تێدایە دوادەکەوێت.

Fly Erbil Advertisment