بەڕێوەبەری پێشووی خانەنشینی سەڵاحەددین بە 10 ساڵ زیندانیی سزا درا

ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای تاوانەکانی ئەنبار سزای 10 ساڵ زیندانیی بەسەر بەڕێوەبەری پێشووی خانەنشینی سەڵاحەددین سەپاند.
ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "دادگا بڕیاری خۆی لە دژی بەڕێوەبەری پێشووی خانەنشینی سەلاحەددین دەرکرد بە تاوانی ساختەکردنی ژمارەیەکی زۆر لە مامەڵەی خانەنشینی بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنە ناوخۆییەکان، قەزا و ناحیەکانی سەڵاحەددین، جگە لە تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینی بۆ قوربانیانی تیرۆر لە یەکێک لە شوێنە نیشتەجێبوونەکانی بەغدا لەگەڵ تۆمەتبارانی دیکە لە بەرامبەر بڕە پارەیەکدا".
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو بڕیارە لەسەر بنەمای بڕگەکانی ماددەی 316 لە یاسایی سزادانی عێراقی لە دژی ئەو بەڕێوەبەرە دەرچووە".
ڕۆژی شەەمەی ڕابردوو، 8-6-2024، دەستەی دەستپاکی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەرێگەی لێژنەیەکی نووسینگەکەیان لە کەرکووک، بۆیان دەرکەوتووە گەندەڵی و زێدەڕۆیی لە چەند گرێبەستێکی کڕینی ئامێری پزیشکیی یەکێک لە کۆمپانیاکانی گشتییەکان بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستی فەرمانگەی تەندروستی لە کەرکووک کراوە.
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی ئاماژە بەوەکرد، گرێبەستەکان لەلایەن کۆمپانیایەک بەناوی کیمیادیا لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیا بازرگانییەکان کراوە بۆ کڕینی ئامێری پزیشکی بۆ فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک ، ڕوونی دەکاتەوە، لەلایەک زێدەڕۆیی کراوە و لەلایەکی دیکە رەچاوی کوالێتی ئامێرەکان نەکراوە ، لەکاتێکدا بەهای گرێبەستەکە پێنج ملیۆن و 697 هەزار و 870 دۆلار بووە، هەروەها ئامێرەکان بەر لە تەواوبوونی ماوەی گرەنتیکردنیان، بەشێکیان لەکارکەوتوون و بەشێکی دیکەیان کاریان نەکردووە، کە هەندێکیان ئامێری جۆری پشکنینی سۆنار بوون.
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی زیاتر روونی کردەوە، زێدەڕۆیی لەسەر کڕینی چەند ئامێرێکی دیکە بۆ تەندروستی کەرکووک بە بەهای دوو ملیار و 689 ملیۆن دینار کراوە، جگە لە تۆمارکردنی چەندین پێشێلکاری لە رێوشوێنەکانیدا.