عێراق.. ئەمساڵ زیاتر لە 1500 کیلۆ ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە

K24 – هەولێر:
بەپێی دوایین ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر، لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، تەنیا لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ ئەو ماددە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، لە تۆن و نیوێک تێپەڕیوە. ئاماژە بەوەشدراوە، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا تیمە ئەمنییەكان توانیویانە 20 تۆڕی نێودەوڵەتی و 204 تۆڕی ناوخۆیی بازرگانیكردن بە ماددەی ھۆشبەر، ھەڵبوەشێننەوە.
ماددە هۆشبەرەکان، بەو ماددە جیاوازانە دەگوترێت كە بەشێوەكەی خراپ دەروون و ڕەفتاری مرۆڤ دەگۆڕن، ئەم ماددانە كاتێ یەخەی ھەر وڵات و كۆمەڵگەیەك دەگرێت تا سەرە مەرگ دەیبات، ئێستە ئەم ماددەیە یەخەی عێراقی گرتووە، لەو وڵاتەکەدا ماددەی ھۆشبەر لە تەشەنەسەندنی مەترسیداردایە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئامارێكی مەترسیداری ماددەی ھۆشبەر بڵاو کردەوە، بەپێی ئامارەكە بڕی ئەو ماددە هۆشبەرانەی لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 دەستیان بەسەردا گیراوە، لە تۆن و نیوێک تێپەڕیوە. لە کاتێکدا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا پێنج تۆن بووە.
ئاماژە بەوەش دراوە، لە ساڵی 2023 و سەرەتای ساڵی 2024 تا ئێستە 122 بڕیاری دادگا دژی تۆمەتبارانی ماددەی ھۆشبەر دەركراوە، 51 بڕیار بۆ ساڵی 2023 و 71 بڕیاریش بۆ نیوەی یەكەمی ئەمساڵ دەركراون. لەكاتێدا بۆ ساڵانی 2021 و 2022 تەنیا پێنج بڕیاری دادگا دژی تۆمەتبارانی ماددەی ھۆشبەر دەركراوە، كە ئەمەش ئاماژەیە بۆ تەشەنەسەندنی بەکارهێنان و بازرگانییکردن بە ماددەی ھۆشبەر. ھەروەھا لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا 452 كەس بە تاوانی بارزگانیكردن بە ماددەی ھۆشبەر لەسێدارە دراون.
وەزارەتەكە دەڵێت: لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا سەرکەوتوو بووە لە هەڵوەشاندنەوەی 20 تۆڕی نێودەوڵەتی و 204 تۆڕی ناوخۆیی بازرگانیكردن بە ماددەی ھۆشبەر. جگە لەوەش، تیمە ئەمنییەکان پێکدادانێکی زۆریان لەگەڵ بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان هەبووە، لە ئەنجامدا 17 تاوانبار لە ساڵی 2023 کوژراون و لە سەرەتای ئەمساڵیش تا ئێستە چوار تاوانباری ماددە ھۆشبەرەكان كوژران.