شێروان جەمال: چارەسەرێکی بە پەلەی کێشەی کەم ئاوی چەمچەماڵ دەکرێت

K24 – سلێمانی:

بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی ڕایگەیاند: چەند ساڵێکە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش و ناوچەکە کێشەی کەم ئاوییان هەیە، بەڵام ئەو کێشەیەی ئێستا هەیە، پەیوەندی بە کێشەی کارەبا و لەکارکەوتنی ئامێرەکانەوە هەیە.

ڕۆژی چوارشەممە (12ـی حوزەیرانی 2024) شێروان جەمال، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: چارەسەرێکی بە پەلە بۆ کێشەی کەم ئاویی چەمچەماڵ، شۆڕش و ناوچەکانی دیکەی دوروبەریان دۆزراوەتەوە، بەڵام چارەسەری درێژخایەن نییە.

شێروان جەمال گوتیشی: ڕۆژانە نزیکەی 30 هەزار مەتر سێجا ئاو لە هێلی دوکان – سلێمانی وەردەگیرێت و بەهۆی کۆنی ئامێرەکان و وەستانیانەوە، کێشە لە ناردنی ئاو بۆ ئەو ناوچانە دروست دەبێت.

بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر لە مانگێکدا تەنیا دووجار ئاو بە ناوچەکانی چەمچەماڵ دەدرا، دوای کارکردن و چاککردنی هێلەکانی گواستنەوەی ئاو و قفڵەکان، تواندراوە لە مانگێکدا چوار بۆ پێنج ڕۆژ ئاو دابەش بکرێت.

بۆ چارەسەرکردنی هەمیشەیی کێشەی کەم ئاوی لە چەمچەماڵ، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی ڕایگەیاند: بە تەواوکردنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ، ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت، کە ئێستا بودجەی پێویستی بۆ تەرخان کراوە و چاوەڕێ دەکرێت لەم زووانە دەست بە جێبەجێ کردنی بکرێت.

ڕۆژی سێشەممە (11ـی حوزەیرانی 2024) ڕەمک ڕەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ لە بڵاوکراوەیەکەدا ئاماژەی بەوەکرد: "بە ناچاری هاوار دەکەم، تکایە بە هانامانەوە وەرن، چەمچەماڵ خەریکە دەخنکێت". هاوکات گوتی: دانیشتووانی مەرکەزی قەزا، ناحیەی شۆڕش و تەکیە زیاتر لە 200 هەزار هاووڵاتییە، وا 12 ڕۆژە ئاوی خواردنەوە بە بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکان نەدراوە، تا کەشوهەوا گەرمتر بێت کێشەکە گەورەتر دەبێت.