محەممەد ئیسماعیل: ئەنەکەسە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی دۆزی کورد لە سووریا دەکات

محەممەد ئیسماعیل، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا
محەممەد ئیسماعیل، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا

K24 – هەولێر:

لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە چەکدارانی پەیەدە 15 لایەنگر و ئەندامی پارتەکانی ناو ئەنەکەسەیان ڕفاندووە، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا، ڕایدەگەیەنێت، ئەنەکەسە ئەو هێرشە ترسنۆکانە نایوەستێنێت و لە خەباتکردن بەردەوامە، "گەلی ئێمە بڕوای بە ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد هەیە".

محەممەد ئیسماعیل، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا گوتی: هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەندام و لایەنگرانی ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن چەکدارانی پەیەدە بەردەوامە، ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بووەتە جێگەی باوەڕ و ئومێدی خەڵکی بۆیە هەمیشە پەیەدە هەوڵ دەدات بە ئامانجی بکات.

سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا، ئاماژەی بەوە دا، لە سەرجەم شارەکانی رۆژئاوای کوردستان هەڵمەتی ڕفاندنی ئەندام و لایەنگرانمان بەردەوامن، جگە لەوەی چەندین جار نووسینگەکانمان سووتێندراون.

باسی لەوەشکرد، چەکدارانی پەیەدە بە ناشترین شێواز هێرش دەکەنە سەر ماڵی لایەنگر و ئەندامانی ئەنەکەسە بەبەرچاوی خێزانەکانیان دایانڕفێنن، بەڵام ئەنەکەسە ئەو هێرشە ترسنۆکانە نایوەستێنێت و لە خەباتکردن بەردەوامە، "گەلی ئێمە بڕوای بە ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد هەیە".

محەممەد ئیسماعیل، دەڵێت: ئەنەکەسە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی دۆزی کورد لە سووریا دەکات، هەروەها سازش لە مافەکانمان لە سووریا ناکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، پەیەدە ئافرەتان تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاردەهێنن، هاوکات ئێمە لایەنە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئەم کردەوانەی پەیەدە ئاگادار دەکەینەوە.

لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە چەکدارانی پەیەدە 15 لایەنگر و ئەندامی پارتەکانی ناو ئەنەکەسەیان ڕفاندووە. یەکێکیان ئازاد کراوە، بەڵام چارەنووسی 14 کەسی دیکەش نادیارە. ئەنەکەسە داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات فشار بخاتە سەر پەیەدە بۆ ئازادکردنی سەرجەم ئەندامەکانیان.

جگە لە ڕفاندن و دەستبەسەرکردن، نووسینگەکانی ئەنەکەسەش لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هێرشی دەکرێتە سەر و دەسوتێنرێن.

Fly Erbil Advertisment