جەبار یاوەر: ژێرخانی سەربازیی عێراق وێرانە

جەبار یاوەر، شارەزای سەربازیی
جەبار یاوەر، شارەزای سەربازیی

K24 – هەولێر:

جەبار یاوەر ڕایدەگەیەنێت، عێراق سیستەمێکی باشی بەرگریی ئاسمانی و ژێرخانێکی باشی سەربازیی نییە. لای خۆیەوە كازم زوبه‌یدی شاره‌زای ئه‌منی دەڵێت: گەندەڵی لە بودجەی بەرگریی عێراق هەیە.

جەبار یاوەر، شارەزای سەربازیی و كازم زوبه‌یدی شاره‌زای ئه‌منی، لەمیانەی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، باسیان لە بودجەی وەزارەتی بەرگری عێراق کرد و ئاماژەیان بە بوونی گەندەڵییەکی زۆردا لە بودجەکە.

لە دەستپێکدا جەبار یاوەر، شارەزای سەربازیی ڕایگەیاند، هەموو ساڵێک بوودجەی زەبەلاح بۆ بۆ وەزارەتی بەرگریی تەرخان دەکرێت، هەروەها ساڵانە بودجەی وەزاتەکە زیاد دەکرێت، لەبری ئەوە پێویستە ئەو بوودجە زەبەلاحە بۆ ئەو وەزارەتانە دابین بکرێت کە خزمەتگوزاریی پێشکەشی هاووڵاتییان دەکەن.

ئەو شارەزا سەربازییە دەڵێت: ژێرخانی سەربازیی عێراق وێرانە، تاوەکوو ئێستە هێزەکانی عێراق لەو ئاستە نین کە پشتیان پێ ببەسترێن، عێراق سیستەمێکی باشی بەرگریی ئاسمانی و ژێرخانێکی باشی سەربازیی نییە.

باسی لەوەش کرد، ئەو گرێبەستانەی کە ساڵانی ڕابردوو لە عێراق بۆ کڕینی چەک و پێداویستی سەربازیی واژۆ دەکرا گەندەڵی زۆری تێدابوو، چەندین جار دەستەی دەستپاکی ئەوەی ئاشکرا کردووە، هەروەها ساڵانە بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراق نزیکەی 9 ترلیۆن دینارە.

جەبار یاوەر، گوتی: ئەو بوودجانەی کە خەرج کراوە بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق هیچ بەشێکی بۆ هەرێمی کوردستان نەبووە، لە بودجەی بەرگریی عێراق پشکی پێشمەرگە نەدراوە، هەروەها ئەو چەک و پێداویستییە سەربازییانەی کە هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە دابینی دەکردن، عێراق گومرگی لێ وەردەگرتن.

هاوکات گوتیشی: بابەتی بودجەی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان تا ئێستە بە هەڵپەسێدراوی ماون و چارەسەر نەکراون، ئێستاشی لەگەڵ بێت عێراق ئامادە نییە پشکی هەرێمی کوردستان بدات لە بودجەی وەزارەتی بەرگریی.

لای خۆیەوە كازم زوبه‌یدی، شاره‌زای ئه‌منی، گوتی: لە ساڵی 2003ـەوە تاوەکوو ئێستە ڕێژەی هەرە زۆری بودجە بۆ وەزراەتی بەرگری عێراق تەرخان دەکرێت، لەو بارودۆخەی ئێستە ئەو بودجە زەبەلاحەی ناوێت کە بۆ سوپای عێراق دابین کراوە، هەروەها گەندەڵی لە بودجەی بەرگریی عێراق هەیە.

ناوبراو ڕوونیکردەوە، دەیان دۆسیەی گەندەڵی لەسەر ئەم بوودجەیە هەیە و دەستەی دەستپاکی چەندین جار خۆی ڕایگەیاندووە، ئەم بوودجەیە کە بۆ وەزارەتی بەرگریی دابین کراوە خزمەتی هیچ شتێک ناکات، خزمەتی هیچ هاووڵاتییەک ناکات، دەبوو ئەم بوودجەیە بۆ کارەبا دابین بکرابا.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، بەو بوودجە زەبەلاحەوەش عێراق ناتوانێت سەروەریی خۆی بپارێزێت، چونکە پارێزگاریکردن لەخۆی پێویستی بە ئیرادەیە ئەمەش بە پارە ناکڕێت، هەروەها عێراق پێویستی بە پڕچەککردن نییە، بەڵکو پێیوستی بە خزمەتگوزاریی هەیە.

Fly Erbil Advertisment