سبەی پێنجەم دانیشتنی دادگایی کردنی بکوژانی ڕووداوەکەی نسێبین بەڕێوەدەچێت

K24 – هەولێر:

بڕیارە سبەی پێنجشەممە لە شاری مێردینی باکووری کوردستان، پێنجەم دانیشتنی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی ڕووداوەکەی نسێبین بەڕێوەبچێت، کە لە ڕووداوێکدا، پێنچ هاووڵاتی شاری دهۆک شەهیدکران.

حەربی جەلالەدین نوێنەری هەردوو خێزانی قوربانیەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بڕیارە سبەی پێنجشەممە (13ـی حوزەیرانی 2024) لە کاتژمێر 13:30ـی دوای نیوەڕۆ، لە دادگای مێردینی باکووری کوردستان پێنجەم دانیشتنی بکوژانی ڕووداوەکەی شارۆچکەی نسێبین بەرێوەبچێت.

لەبارەی ڕێکارەکانی بەڕێوەچوونی دادگا، حەربی جەلالەدین ئاماژەی بەوەکرد: "پرۆسەی دادگاییکردنی بکوژان زۆر بە سستی بەڕێوەدەچێت و خاوی لە ڕێکارەکان و بەڕێوەچوونی دانیشتنەکان هەیە، بۆیە ئەمەش گومانی زیاتری لای کەسوکاری قوربانییەکان لەبارەی ئەو دۆسیەیە زیاتر کردووە".

نوێنەری قوربانییەکانی ڕووداوەکەی نسێبین داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لەپێناو پاراستنی گیانی ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە سەردانی تورکیا دەکەن ڕووبەڕووی ڕووداوی لەو شێوەیە نەبنەوە، هاوکارییان بکەن بۆ ئەوەی دۆسیەکەیان لە دادگا بەلاڕێدا نەبرێت و بکوژان بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەندرێن.

هاوکات حەرەبی جەلالەدین جەختی لە هەڵوێستی کەسوکاری قوربانییەکان کردەوە و ڕایگەیاند: ئەگەر دادگا بێ لایەن نەبێت لە دەرکردنی بڕیارەکان و پرۆسەی دادگاییکردنی تۆمەتباران بێ ئەنجام کۆتایی پێ بهێندرێت، ئەوا وەک کەسوکاری قوربانییەکان، ڕێگەی دیکە دەگرنەبەر بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و لە کات و شوێنی گونجاوی خۆیدا ڕایدەگەیەنن.

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە (19ـی کانوونی دووەمی 2023) لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، پێنچ هاوڵاتی شاری دهۆک کە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی دەچوونە تورکیا، لەلایەن چەند کەسێکەوە شەهیدکران.

ڕووداوەکە لە سەر ڕێگەی سەرەکیی نوسێبین - مێردین لە باکووری کوردستان ڕوویدا و داوی ڕووداوەکەش، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا پێنج کەسیان لەسەر ڕووداوەکە دەستگیر کرد کە بەپێی دانپێدانانەکان، دووانیان تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوەکەن و سێ کەسەکەی دیکەش هاوکاربوونە لە تاوانەکە.