گوتەبێژی سوپای پاسداران: لایەنگریی هیچ کاندیدێک ناکەین

جەنەڕاڵ ڕەمەزان شەریف، گوتەبێژی سوپای پاسداران، ڕایگەیاند، "لایەنگریی هیچ کاندیدێک ناکەین" لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامی کە بڕیارە دوای دوو هەفتەی دیکە بەڕیوە بچێت.

ڕەمەزان شەریف ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی ڕێز لە هەموو ئەو کاندیدانە دەگرن کە لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسەند کراون بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، جەختیشی کردەوە، لە پشتیوانیی یان دژایەتیی هیچ کاندیدێک ڕۆڵمان نابێت. ئاماژەی بە گرنگیی بەشداریی فراوان و دەستەبەرکردنی ئاسایشی پرۆسەی هەڵبژاردن کرد.

ئاژانسی "مێهر"ـی حکوومی ڕوونی کردەوە ئەم لێدوانە ئاماژەیە بۆ کاندیدەکانی سەر بە "سوپای پاسداران".

لەنێو ئەو شەش کاندیدەدا، ناوی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان دیارە، کە پێش ئەوەی بچێتە گۆڕەپانی سیاسییەوە سەرکردە بوو لە سوپای پاسداران.

شەریف، ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی کار لەسەر "بەشداریی کاریگەر و ئاسایش و سەلامەتی هەڵبژاردن" دەکەن، دەشڵێت، "سوپای پاسداران" و هێزەکانی بەسیج، هەوڵدەدەن پشتیوانی لە ئامانجەکانی حکوومەتی داهاتوو بکەن، هەروەها پشتیوانی هەر سەرۆکێک دەکەین کە لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێت.

لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵی 2017، حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری پێشووی ئێران سوپای پاسدارانی بە پاڵپشتی لە ڕکابەری ئەوکاتەی ئیبراهیم ڕەئیسی تۆمەتبار کرد.

ڕۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024)، ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور، شەش کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران پەسەند کرد و هەر یەکە لە مەحموود ئەحمەدی نەژاد، عەلی لاریجانی، ئیسحاق جەهانگیری و عەبدولناسر هیممەتی لە کاندیدایی دوورخستەوە.

وەزارەتی ناوخۆی ئێران، ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە بریتین لە مەسعود پزیشکیان، مستەفا پورمحەممەدی، سەعید جەلیلی، عەلی ڕەزا زاکانی، ئەمیر حوسێن قازی زادە هاشمی و محەممەد باقر قالیباف.