ئەنتۆنی بلینکن: ڕێگە بە حەماس نادرێت بەهیچ شێوەیەک حکومڕانی غەززە بکات
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، جیاوازییەکانی حەماس و ئیسرائیل دەربارەی ئاگربەست، دەکرێت چارە بکرێن.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، حەماس ڕێگەی پێ نادرێت بڕیار لەسەر شێوازی حوکمڕانیی غەززە بدات لە داهاتوودا.
بلینکن گوتی، "زۆر گرنگە ئێمە بگەینە ئەو ئاگربەستەی ئێستە کاری بۆ دەکەین، هەروەها گرنگە پلانمان بۆ دوای شەڕی غەززە هەبێت، جیاوازییەکانی حەماس و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەست دەکرێت چارە بکرێن".
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند، سەبارەت بە بەڕێوەبردنی غەززە لەدوای جەنگ لەگەڵ دۆستەکانمان لەپەیوەندیداین و دەبێت پلانێکی کۆنکرێتمان بۆ شێوازی حوکمڕانیی غەززە هەبێت. حەماس ناتوانێت و ڕێگەی پێ نادرێت بڕیار لە چارەنووسی ناوچەکە بدات.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە، بە سەردانێک گەیشتە ڕۆژهەلاتی ناوەراست بۆ چارەکردنی ئاگربەستی نێوان حەماس ئیسرائیل، بەڵام لە دوای هەشتەمین جار بەبێ هیچ ئەنجامێک گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەی.
بە گوێرەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ڕازی کردنی هەردوو لایەنی شەڕ لە غەززە و ڕاگرتنی شەڕ، لەم هەفتەیەدا سەردانی هەر یەک لە ئوردن، قەتەریش کرد بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەو دوو وڵاتەوە فشار لە بزووتنەوەی موقاوەمەی ئیسلامی (حەماس) بکات، لە بارەی ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕ لە ئیسرائیل ڕێک بکەون.
لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023 و دەست پێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل ئەمە هەشتەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەبەستی سەردانەکەش ڕازیکردنی حەماس و ئیسرائیلە بۆ پابەند بە ئاگربەست و قەبوڵکردنی ئەو دەست پێشخەرییەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە 31ی مانگی ڕابردوو پێشکەشی کردووە.