فوئاد حوسێن: لەگەڵ عەلی باقری باسی پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسیی و ئەمنی و ئابوورییەکانمان کرد

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لەگەل سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گفتوگۆمان لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسیی و ئەمنی و ئابوورییەکان کرد.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی لەگەڵ سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند: چوونی شاندی باڵای حکوومەتی عێراقی بۆ تاران و بەشدارییان لە پرسەی سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران و هاوەڵەکانی، سەلمێنەری بەهێزیی و پتەویی پەیوەندییەکانی عێراق و ئێرانە.

فوئاد حوسێن گوتی: "ئێمە چاوەڕوانی سەردانی ڕەئیسی و عەبدوڵڵاهیانمان دەکرد، بەڵام قەدەر ڕێگەی نەدا".

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گفتوگۆمان لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسیی و ئەمنی و ئابوورییەکان کرد.

وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی، "باسمان لە ئالۆزییەکانی ناوچەکە کردووە و هاوڕابووین لە سەر ئەوەی دۆخی ناوچەکە و ئاسایی کردنەوەی ناکۆکییەکانی ناوچەکە پێویستی بە گفتوگۆ و ڕاوێژکاری بەردەوامە".

فوئاد حوسێن لە بارەی ئاگربەستی شەڕ لە غەززە دووپاتی کردەوە، کە "هەڵوێستی خۆمان دووپات دەکەینەوە، پشتیوانیی لە ڕاگرتنی شەڕ دەکەین، هەروەها فراوانکردنی مەیدانی شەڕو هەڕەشەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان جێگەی نیگەرانییە، چونکە ماڵوێرانی و کاولکارییەکان زیاتر دەکات".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەلی باقری کەنی، بەسەردانێک گەیشتە بەغدا. بڕیاریشە دواتر سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێم کۆ ببێتەوە.

Fly Erbil Advertisment