عەلی باقری کەنی: عێراق و ئێران ڕۆڵێکی بەرپرسیارانەیان لە سەقامگیریی ناوچەکەدا هەیە

عەلی باقری کەنی سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن ڕایگەیاند، ئێمە لەگەڵ عێراق دوو گەلی هاوبەشین لە فەرهەنگ و مێژوو.

کەنی، باسی لەوەش کرد، بەهێزی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق جیا لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات، سوودی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی و بوژانەوەی ناوچەکەش هەیە.

سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی: ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتی حکوومەت و گەلی ئێران هاتووم، سوپاسگوزاری خۆمان بگەیەنم بە حکوومەت و خەڵکی عێراق بۆ بەشداریی بەرپرسانی باڵای حکوومیی و سیاسیی عێراق لە پرسەی سەرۆککۆماری کۆچکردوو و هاوەڵانی.

ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق و ئێران ڕۆڵێکی بەرپرسیارێتیان لە سەقامگیری ناوچەکە هەیە.

کەنی، جەختیکردەوە، هەڵوێستی عێراق و ئیران لە بارەی کۆمەڵکوژییەکانی غەززە یەکە و دەبێت ئەو تاوانکاریانەی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی غەززە ڕابگیرێت، کە هەشت مانگە بەردەوامە. بەڵام خۆڕاگرییان سەرکەوتنە بە سەر ئیسرائیل. هەربۆیە دەبێت بە بێ هیچ مەرجێک شەڕ و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ڕابگیرێت.

ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر ئەمەریکییەکان لە خوێنڕێژی خەڵکی غەززە لە سەردەستی ئیسرائیل جددین و ڕاستگۆن دەبێت هاوکارییەکانی پڕ چەک کردنی ئیسرائیل ڕابگرێت، چیتر کۆمەڵکوژی خەڵکی سڤیل لە شار و کەمپەکانی کەرتی غەززە نەکات، بۆیە جەخت دەکەینەوە دەبێت هەرچیی زووە و بەبێ هیچ مەرجێک شەڕ و هێرشی سەر غەززە ڕابگیرێت، هەروەها هەموو وڵاتانی ناوچەکەش خوازیارن کۆتایی بەم شەڕە بهێنرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەلی باقری کەنی، بەسەردانێک گەیشتە بەغدا. بڕیاریشە دواتر سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێم کۆ ببێتەوە.