ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و کاندیدانی پێکهاتەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درێژ کرایەوە

جومانە غەڵای گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، دەرگای تۆمارکردنی داواکاری بەشداریی و پێشکەشکردنی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تا وەکوو 24ی ئەم مانگە درێژ کراوەتەوە.
غەلای، لە پەیامێکی دەنگیدا ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڕیاری دا ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان و حزبەکان و کاندیدانی کەسی پێکهاتەکان تاوەکوو کۆتایی دەوامی ڕۆژی 24/6/2024 درێژ کراوەتەوە.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی داوە، ئەو حزب و لایەن و کەسانەی خواستی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان هەیە، دەتوانن تاوەکو بەر لە کۆتایی دەوامی ئاسایی نووسینگەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی داواکاریی و ناوەکانیان تۆمار بکەن.
بە گوێرەی بڕیاری پێشووی کۆمیسیۆن، بە کۆتاییهاتنی دەوامی ئاسایی ئەمڕۆی نووسینگەکانی کۆمیسیۆن ماوەی تۆمارکردن و پێشکەش کردنی داواکاری دەرگای تۆمارکردنی هاوپەیمانیی و کاندیدی پێکهاتەکان دادەخرا.