ئەمەریکا یەک ملیۆن دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوەی مەزارگەیەکی کوردستان تەرخان دەکات

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بۆ پاراستنی مێژوو و بووژانەوەی ئابووری و هێنانی گەشتییار بۆ ناوچەکە، مەزارگەی ناحوم نۆژەن دەکاتەوە.
کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، پامێلا ھاک، کونسوڵی گشتیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەوەکالەت لە هەولێر، سەردانی چەندین شوێنی کەلتوری گرینگی ھەرێمی کوردستانی کردووە، لەوانە مەزارگەی ناحوم کە شوێنێکی دەوڵەمەند و گرنگی خاوەن پێگەی کەلتورییە بۆ جووەکان و کریستییانەکان و موسوڵمانەکان.
کونسوڵخانە ئاشکرای دەکات کە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا یەک ملیۆن دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی مەزارگەکە تەرخانکرد، وەک ئاماژەیان بۆ کردووە، نۆژەنکردنەوەی ئەو مەزارگەیە، بۆ ھاوکاریکردنی پاراستنی مێژوو و بوژاندنەوەی ئابووری خۆجێی، هاوکات ھێنانی گەشتیارە بۆ دەڤەرەکە.
وەک کونسوڵخانەکە ئاشکرای کردووە، پامێلا ھاک سەردانی کلێسای قەشەنگ و جوانی ڕەبان ھورمزی کرد بۆ ئاشنابوونی زیاتر دەربارەی مێژووی دوورودرێژ و فرەڕەنگی کریستییانەکان و جەختکردنەوەی پابەندبوونی حکومەتی ئەمەریکا بۆ پشتگیریکردنی کریستییانەکانی عێراق و جڤاتەکانی دیکە، پاشان چووە پەرستگای لالش و لەگەڵ سەرکردە ئێزدییەکان کۆبووەوە.