بەهۆی باران زیان بەر 40 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران گەیشتووە

زەوییە چێندراوەکانی نزیک دەریاچەی دووکان
زەوییە چێندراوەکانی نزیک دەریاچەی دووکان

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ڕاپەڕین ئاشکرای دەکات، بەهۆی زۆری ڕێژەی باران و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، زیان بەر گەنمی جووتیاران کەوتووە.

پەیامنێری کوردستان24 لە ڕاپەڕین ئاراس ئەمین ئاشکرای کرد، بەهۆی زۆری ڕێژەی باران بارین و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەی دوکان لە ئەمساڵدا ، 40 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران زیانی بەرکەوتووە.

ئەندازیار خالید ئەحمەد بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی راپەرین بە کوردستان24 ـی ڕاگەیاند،: لە ئیدارەی راپەرین 51 هەزار دۆنم زەوی ( مەغمورە ) ئەو زەویەی کە بەپێی بڕی باران ساڵانە ژێر ئاوی دەریاچەکە دەکەوێ هەیە ، لەو ڕوبەرە ئەم ساڵ بەهۆی زۆری باران بارین 35 بۆ 40   هەزار دۆنم   زەوی چێندراو  ژێر ئاو کەوتووە.

بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی راپەرین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو زەویانە لە باشترین جۆری زەویە کشتوکاڵیەکانن کە هەر دۆنمێک لەنێوان 1 تۆن بۆ 1 تۆن و 200  کیلۆگرام ساڵانە بڕشتیان هەیە، بۆیە لەم ساڵدا پێشبینی دەکەین لەنێوان 35 بۆ 40    هەزار تۆن گەنم زیان بە جوتیاران گەیشتبێ .