بۆ یەکەمین جار لە ئاستی جیهاندا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زمانی سریانی لە نووسراوە فەرمییەکان بەکاردێت

نووسراوەکەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بە زمانی سریانی
نووسراوەکەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بە زمانی سریانی

K24 – هەولێر:

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نووسراوێکی فەرمی بە زمانی سریانی ئیمزا دەکات و ئەمەش دەبێتە یەکەمین جار لەسەر ئاستی جیهاندا، لە لایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، نامەنووسی فەرمی حکوومەت بە زمانی حەزرەتی مەسیح (زمانی سریانی) بەکاربهێنرێت.

بە بەکارهێنانی زمانی ڕەسەنی سریانی کە زمانی نەتەوەیی کلدان، ئاشووری و سریانییە، ئەمڕۆ ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی فەرمی "سوپاسنامە" ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشەنبیری و هونەریی سریانی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان کرد.

نووسراوەکە لەپای بەخشینی سوپاس و پێزانینە لە بەرامبەر بڕیاری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە لەبارەی مامەڵەکردنی فەرمی بە زمانی سریانی لە نێوان فەرمانگەکانیان لە قەزای عەنکاوە، شان بە شانی زمانی کوردی، کە ئەمەش تایبەتمەندییەکی دیکەی جوانی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینییە لە هەرێمی کوردستان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بە پشتگیری سەرۆک بارزانی، لە ساڵی 1992 زمانی سریانی لە پەرلەمانی کوردستان بە زمانی فەرمی ناسێندرا.

لە دوای ڕاپەرینەوە تاوەکوو ئێستا 50 قوتابخانەی حکوومی زمانی سریانی لە هەولێر و دهۆک بوونیان هەیە کە زیاتر لە شەش هەزار و 690 قوتابی کلدان، ئاشووری و سریانی لێیان بە زمانی سریانی دەخوێنن و لە لایەن زیاتر لە 634 مامۆستاوە، وانەی پەروەردەیی بە زمانی سریانیان پێ دەگوترێتەوە.

هەروەها بە پشتگیری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە ئاستی خوێندنی باڵا، خوێندنی زمانی سریانی کرایەوە،کە ئێستا لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەڵاحەددین، خوێندن بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لەو بوارە هەیە و مامۆستا و شارەزایانی زمانی سریانی بۆ دابینکراوە.