سلێمانی: هەڵمەتی چارەی نەخۆشیی لاڕەشەی دار دەستی پێ کرد

بەڕێوەبەرایەتىی باخچەکانى سلێمانى بۆ ڕووبەڕووبونەوەى نەخۆشى لاڕەشە کە لە دارو درەخت دەدات، هەڵمەتێکى دەست پێ کردووە. کارمەندێکى بەشى پاراستنى ڕووەک لە بەرێوەبەرایەتىی باخچەکان دەڵێت: سەرەتا چاودێریى دارەکان دەکەین، لەگەڵ دەرکەوتنى نیشانەکانى نەخۆشىی لاڕەشە، دەست دەکەین بە چارە کردنىان.

کارمەندانى بەشى پاراستنى ڕووەکن لە بەرێوەبەرایەتى باخچەکانى سلێمانى سەرقاڵى چارەکردن و دەرمانڕێژکردنى ئەو دارانەن کە نەخۆشى لاڕەشە لێیانی داوە. ئەم نەخۆشیە، جۆرێک کەڕوو لەسەر قەدى دارەکە دروست دەکات. کارمەندان سەرەتا کەڕووەکە و قەدى دارەکە  دەکەنەوەو دواتر چارەی دەکەن؛ دواى سێ ساڵ نیشانەى ئەم نەخۆشیە لەسەر دارەکان دەردەکەوێ و بە دەرمانێکى ڕووەکى پاکى دەکەنەوە زیاتریش لە دارەکانی توو، قەزوان و سنەوبەر دەدات .

ئاشنا ڕەزاق، کارمەندى بەشى پاراستنى ڕووەک لە بەرێوەبەرایەتىی باخچەکانى سلێمانى، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لاڕەشە، جۆرێکە لە قارچک یان کەڕووە کە چەند جۆرێک دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی وشکبوونی دارەکە. کە ئەم قارچکە بەچەند ڕێگایەک دەگوازرێتەوە بۆ ناو دارەکە، بە ڕێگای ئەو درزانەی کە تێی دەکەوێت بەهۆی ئەو برینانە ئیتر برینەکان هۆکەی میکانیکی بێت یان گەزەندە بێت یان ڕەشەبا لقەکانی شکاندبێتەوە، ئەو قارچکە زۆر زۆر بەئاسانی دەتوانێت بچێتە شوێنی ئەو برینانە و لەوێ گەشە بکات، پلەی گەرمی و لەگەڵ شێی زۆر زۆر ڕۆڵێکی بنەڕەتیی دەبینیت لەگەشە کردنی ئەو نەخۆشیە"

نەخۆشى لاڕەشە هەر کات کە گەیشتە ڕەگ و قەدى دار، پێویستە دەرمانى کیمایی بۆ بەرکاربهێنرێت. زیاتریش ئەم نەخۆشیە لە وەرزى هاویندا بڵاو دەبێتەوە بە هۆى با وە، لە دارێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ دارێکى دیکە ئەو دەرمانەشى کە چارەى پێدەکرێت پێى دەگوترێت گیراوەى بۆردۆ.

شەهێن عوسمان، شارەزاى بوارى پاراستنى ڕووەک گوتی: " گیراوەیەکمان هەیە گیراوەی بۆردۆی پێ دەڵێن ئەم گیراوەیە پاراستنی نەخۆشییە قارچکییەکان، یان لاڕەشەی دارە، ئەمەش کاتێک کە تیشکی خۆر پاراستنیەتی لە تیشکی خۆر لەدارەکە ئەدا، ئێمەش ئەو گیراوەی لێ دەدەین بۆ ئەوەی لەو خۆرە بپارێزرێت، کەتوشی ناوچەی تاج دەبێت لەقەدی دارەکە لە کاتی تەڕبونیدایە".

نەخۆشی لاڕەشە بەهۆی گۆڕانەکانی کەش و هەواوە زیاتر بڵاو دەبێتەوە بەڕيوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانیش بۆ پاراستنی دارەکانی ناو شارو پارکەکان ساڵانە ئەم هەڵمەتە دەکات و بۆ چەند ساڵێک دەتوانێت درەخت و دارەکان لە نەخۆشی لاڕەشە بپارێزێت.