لە غەززە کەس پێشوازیی لە جەژن ناکات
لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی پیرۆزی قوربان لە سەرانسەری جیهان موسڵمانان ئامادەکاری بۆ پێشوازیی لەم جەژنە پیرۆزە دەکەن. کەچی فەڵەستینییەکان، خۆشی و شادی جەژنیان بووەتە قوربانی ئەو شەڕەی زیاتر لە هەشت مانگە بەردەوامە.
منداڵە فەڵەستینییەکان درک بە دەرهاوێشتەکانی جەنگەکە ناکەن، ئەوان داوای جلی جەژن و شیرینی دەکەن بەڵام، نە بازاڕێک ماوەتەوە بۆ جل کڕین، نە خۆشییەکیش بەدی دەکەن بۆ دابەشکردنی شیرینی.
لە کاتێکدا جیهانی ئیسلامی سەرقاڵی ئامادەکاری و پێشوازییە لە جەژنی پیرۆزی قوربان، کەچی لێرە لە غەززە، شتێک نابینی بەناوی ئامادەکاری بۆ جەژن.
منداڵە فەڵەستینییەکان وەک ساڵانی ڕابردوو داوای جلی جەژن و شیرینی دەکەن، بەڵام جەنگ و ئاوارەیی هیچ بازاڕ و دووکانێکی لە غەززە نەهێشتووە. تەنیا وێرانی و کاولکارییە.
دایکی ناسر، ئاوارە، دەڵێت، "حەزدەکەین شیرینی و کێک دروست بکەین، منداڵەکان داوا لە باوکیان دەکەن جلی جەژنیان بۆ بکڕن. بەڵام باوکیان لە کوێ جلیان بۆ بکڕێت؟ هەشت مانگە باوکیان بێ کارە. لەو خێوەتەوە بۆ ئەو خێوەت دەگوارزێنەوە. لە کوێوە جلیان بۆ بکرێت؟ ئەو تەنانەت ناتوانێت خواردن بۆ خۆشی دابین بکات."
بۆردوومان و ئاوارەیی وایکردووە منداڵانی غەززە هیچ سمایەکی جەژن و خۆشییەکانی بەدی نەکەن. پێش ئەم شەڕە، بەر لە هاتنی جەژن بە چەندین ڕۆژ، بازاڕ و شەقامەکانی غەززە دەڕازێندرانەوە و جممەیان دەهات، ئێستا تەنیا دیمەنی خانووی ڕووخاو و خێوەت دەبیندرێت.
فادی ناسیر، ئاوارە گوتی، "بەداخەوە هیچ کەشێکی جەژن بەدی ناکرێت و هیچ ئامادەکارییەک نییە بۆ جەژن، چونکە هیچ پێداویستییەکی جەژنمان نییە، پێشتر و لە کاتی ئاساییدا، ماڵ و شەقامەکانمان دەڕازاندەوە. بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ چیدیکە خانوومان نییە بۆ ئەوەی بیڕازێنینەوە."
بەهۆی شەڕ ئیسرائیل و حەماس هەموو ڕۆژێکی فەڵەستینییەکان بووەتە ترس و تۆقاندن، تا ئێستە زیاتر لە دوو ملیۆن فەڵەستینی بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل ئاوارە بوونە و لە خێوەتەکاندا دەژین.
لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023 و دەست پێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل ئەمە هەشتەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەبەستی سەردانەکەش ڕازیکردنی حەماس و ئیسرائیلە بۆ پابەند بە ئاگربەست و قەبوڵکردنی ئەو دەست پێشخەرییەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە 31ی مانگی ڕابردوو پێشکەشی کردووە.