سبەی یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانە و جەخت لە پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی قوربانییکردن دەکرێتەوە

پێشبینی دەکرێ بۆ جەژنی قوربانی ئەم ساڵ، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو دەیان هەزار ئاژەڵی گەورە و بچووک لە هەرێمی کوردستان بکرێنە قوربانی.

بۆ ڕێگریی لە فڕێدانی پیسی و پاشماوەکانی ئاژەڵی قوربانی لە شار و شارۆچکەکان  و دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان، تیمی تایبەت بەچاودێریی ڕاسپێردراون بۆ سزای سەرپێچیکاران.

سبەی یەکشەممە، یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانە و هاووڵاتییانێکی زۆریش چەند ڕۆژێکە لە مەیدانەکانی ئاژەڵفرۆشان بە کڕینی ئاژەڵی قوربانی ئامادەکاری خۆیان کردووە.

هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵ چەندین ڕێنمایی بۆ ئەو کەسانە بڵاوکردووتەوە کە قوربانی دەکەن تاکو قوربانیەکی تەندروست بکەن و نەبنە ئازار و هەراسانکردنی هاووڵاتییان و بەفڕێدانی پیسی و پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی لە کوچە و کۆڵانەکان.

لە بارەی ڕێکار و ڕێنماییەکان بەکر بایز، قایمقامی پشدەر بۆ کوردستان24 گوتی "لێرە لە کوشتارگە هەموو ئامادەکارییەک کراوە، هەم لە پزیشکی ڤێتەرنەری هەم قەساب هەیە، هەربۆیە تا بۆیان دەکرێت باشتروایە هاووڵاتییان لە کوشتارگە ئاژەڵەکانیان سەرببڕن. هەر کەسێکیش پاپەندی ڕێکار و ڕێنماییەکان نەبێت، ئەوا لە ڕێگەی پۆلیس، ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێکاریی یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەر".

قوربانیکردن یەکێکە لە سوننەتەکانی ئاینی ئیسلام، ئەو کەسانەی ئاژەڵ دەکەنە قوربانی، بۆ ئەوەی بەخێر و چاکە خوا لە خۆیان ڕازی بکەن، بەڵام قوربانیکردن مەرجی تایبەت خۆی هەیە.

مامۆستایانی ئاینی دەڵێن: ئەگەر قوربانیکردن ببێتە مایەی بێزارکردن و لێکەوتەی خراپیی تەندروستی بۆ هاووڵاتییان، لە خێری ئەو سوننەتە کەم دەکاتەوە و دوورنییە قوربانییەکەش بە خێر هەژمار نەکرێ.

لەمبارەوە هیوا قادر، بەڕێوەبەری ئەوقافی پشدەر دەڵێ "قوربانی کردن سوننەتێکی موئەکەدەیە و هەندێک لە زانایانی ئایینی دەڵێن هەموو ساڵێک واجبە بکرێت، بەڵام ڕێسایەکیش هەیە، هەموو پیسییەک لە پێشترە لە بەدەستهێنانی سوودێک، کاتێک بەر لەوەی خێرەکە بەسەر خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت دابەش بکەیت، پیسی و بەرامەی ناخۆشی قوربانییەکە بڵاو دەکەیتەوە، بێ گومان ئەوا خێرکەرەکە لە ڕووی شەرعەوە قەرزار دەبێتەوە".

هەرێمی کوردستان، هەرێمی فرە پێکهاتەی ئاینییە و زۆرینە موسوڵمانە، بۆیە لە جەژنی قورباندا پێشبینی دەکرێ دەیان هەزار ئاژەڵ بکرێتە قوربانی.

بەهۆی مەترسیی ڤایرۆسی تای خوێن بەربوون و بوونی چەند حاڵەتێکی مردن لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش داوا لە هاووڵاتییان کراوە بە شێوەیەکی تەندروست و لە کوشتارگەکاندا قوربانییەکانیان بکەن.

Fly Erbil Advertisment