ئەحمەد هۆشیار: بۆ یەکەم جار 123 گەشتیار لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕاستەوخۆ گەشتی لەندەنیان کرد

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕایگەیاند، دەستپێکردنی یەکەم گەشتی ئاسمانیی نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و فڕۆکەخانەی "گات ویک" لە بەریتانیا، گرنگیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر نیشان دەدات کە بە پێی سیستەم و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کاردەکات.
ئەمڕۆ شەممە، 15ـی حوزەیرانی 2024، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "دەستپێکردنی یەکەم گەشتی ئاسمانیی نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و فڕۆکەخانەی "گات ویک" لە بەریتانیا، ئەو گرنگیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەردەخات کە بە پێی سیستەم و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کاردەکات."
ئەحمەد هۆشیار گوتیشی: بەخۆشحاڵییەوە لەساڵی 2005ەوە تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی عێراق. دوێنێ یەکەم "بۆڕدینگ" تکیتی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی هەولێر چاپ کرا، کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ دەنوسرێت "هەولێر- گات لەندەن" کە جێگای دڵخۆشی بوو، هەروەها لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا توانیمان کارێکی زۆر قورس بکەین، تاوەکو سیستەمی وەرگرتنی زانیاریی گەشتیار لەگەڵ وڵاتی بەریتانیا ببەسترێت ئەو داتایانە بچێتە ئەو وڵاتە و لەهەمان کاتیشدا ئەگەر ئەو داتایە ساختە بێت بە ڕەتکردنەوە بۆ ئێمە دێتەوە، کە پێشتر ئەو ڕەتکردنەوە نەدەهاتەوە. کە دوێنێ 123 گەشتیار گەشتی لەندەنی کرد و 131 گەشتیاریش هاتەوە.
باسی لەوەش کرد، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، 31 گەشتی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەیە بەبێ ترانزێت، لەهەوڵیش داین لە ئایندەکی نزیک گەشتی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وڵاتان بکرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی عێراق زیاتر لە ئاسمانی فڕۆکەوانی حیسابی بۆ دەکرێت، بۆیە کارکردن قورس دەبێت و ئاسان نابێت. بەڵام بەڵێن دەدەین کەمتەرخەمی ناکەین کە ماوەیەک لەمەوپیش لەکەناڵی ئێوەوە گوتمان سورپرایزمان دەبێت کە سورپرایزەکە دوێنێ بوو گەشتی ڕاستەوخۆ کرایەوە کە ئێستا دەتوانرێت گەشتی ڕاستەوخۆ بۆ ئەمەریکاش بکرێت.
لەسەر ژمارەی گەشتی ڕۆژانە، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر جەختی کردەوە، ئەمڕۆ شەممە 82 جووڵەی ئاسمانیمان هەیە، جگە لەگەشتی زیادە کە بۆمان دێت، سەبارەت بەدیجیتالکردنی کارەکانی فڕۆکەخانە بەپێی ستانداردەکانی جیهانە، هەروەها توانیمان کاوەنتەری ئەلیکترۆنی لە فڕۆکەخانە دابنێن کە ئێستا کاردەکات، ئەوانەی دەشیانەوێت گەشتی عێراق بکەن و بێنە هەرێمی کوردستان دەتوانن
لە ڕێگەی وێبسایتی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڤیزای ئەلیکترۆنی هەرێمی کوردستان وەربگرن.