545 زیندانی لە بەحرەین بەبۆنەی جەژنەوە ئازاد کران

بەندیخانەیەکی بەحرەین
بەندیخانەیەکی بەحرەین

K24 – هەولێر:

شای بەحرەین، بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە فەرمانی لێخۆشبوونی بۆ 545 زیندانیکراوی وڵاتەکەی دەرکرد، کە هەر یەکەیان بە حاڵەتی جیا دەستگیر کرابوون.

ڕۆژی شەممە (15ـی حوزەیرانی 2024)، حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، شای بەحرەین، فەرمانێکی شاهانەی دەرکرد کە ئەویش ئازادکردنی 545 زیندانی کە هەریەکەیان بە حاڵەتێکی جیا سزا درابوون، دوای ئەوەی ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕاند.

ئاژانسی فەرمی وڵاتەکە، ئاماژەی بەوە کردووە، لێخۆشبوونی شاهانە بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە دێت، بەگوێرەی داب و نەریتی مەلیک حەمەد، هەروەها پەرۆشی ناوبراو بۆ ئەو کەسانەی کە لە لێبوردنەکەدا بەشدارن تا دەرفەتی دووبارە تێکەڵبوونەوەیان پێدەدات بۆ نێو کۆمەڵگە و کەسوکاریان.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، لە 8ـی مانگی نیسانی ئەمساڵ پاشای بەحرەین لە هەزار و 584 زیندانی کە لە دۆسیەی تاوانکاریدا سزا دراون، هەروەها ئەوانەی کە بە "هاندانی ئاژاوەگێڕی" سزا دراون، لێخۆشبوو. ئەو لێخۆشبوونەش بە بۆنەی هاتنە سەر دەسەڵاتی شا حەمەد بوو، هەروەها هاوکات بوو لەگەڵ ئاهەنگەکانی جەژنی ڕەمەزان.

Fly Erbil Advertisment