ئومێد خۆشناو: سەرۆکی حکوومەت جەخت لەسەر خزمەتکردنی چین و توێژەکان دەکاتەوە

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، سەرۆکی حکوومەت هەمیشە دەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەت ڕادەسپێرێت لەوەی کە بە باشترین شێوە خزمەت بە چین و توێژەکان بکرێت، بەتایبەت منداڵانی بێ سەرپەرشت و ئەوانەی پێویستییان بە ئاوڕدانەوە هەیە.
یەکشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی مێدیایدا ڕایگەیاند، بەشێک لە فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە ڕۆژانی جەژن و بەیانیی جەژن، سەردانی خانەی بێسەرپەرشتاران دەکەن کە یەکێکە لە شوێنە گرنگەکانی پارێزگای هەولێر.
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، "خانەی منداڵان وێرای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زۆر بۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هەستمان بەو بۆشاییە دەروونییەی ئەو منداڵانە کردووە. هەرچەندە کە لێرە بەشێوەیەکی زۆر دروست لە ڕووی پەروەردە و خزمەتکردنەوە و خوێندنەوە خزمەت دەکرێن؛ بەیانیانی جەژن لەگەڵ ئەواندا بەیەکەوە نانی جەژن دەخۆین و جەژنە پیرۆزە لەیەکتر دەکەین. دوای هەموو ئەوانە دیاری و جەژنانە پێشکەش بەو منداڵانە دەکرێن".
پارێزگاری هەولێر دەشڵێت: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای تێگەیشتنە مرۆییەکان لە ئاوڕدانەوەی چین و توێژەکانی کە پێویستیان بە ئاوڕدانەوەی زیاتر و باشتر هەیە، هەروەها لە دیدگا و تێگەیشتنەکانی سەرۆکی حکوومەت هەمیشە دەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەت ڕادەستپێرێت لەوەی کە بە باشترین شێوە چین و توێژەکان، جا خاوەن پێداویستی تایبەت بێت یاخود نەخۆشخانەکانی دەروونی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان، تێکڕای ئەو چین و توێژانەی کە پێویستییان بە ئاوڕدانەوە هەیە، جەخت لەسەر خزمەتکردنیان دەکاتەوە".
ئومێد خۆشناو ڕاشیگەیاند، "خانەی منداڵانی هەولێر یەکێکە لەو شوێنە گرنگانە کە وێڕای دەستخۆشیی لە ستافی ئەو خانەیە و توێژەرانی کۆمەڵایەتی ئەو خانەیە کە بە جۆرێکی دروست خزمەتی ئەو منداڵانە دەکەن و ژمارەیان بە بەردەوامی لە گۆڕاندایە ئێستە زیاتر لە 80 کچ و کوڕ لەم خانەیە هەیە و خزمەت دەکرێن".