سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی تاکتیکی لە باشووری غەززە ڕاگەیاند
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە ڕۆژانە بۆ چەند کاتژمێرێکی دیاریکراو لە بەشێکی باشووری کەرتی غەززە پابەندی ئاگربەستێکی تاکتیکی دەبێت لە چالاکییە سەربازییەکانیدا بۆ ئەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بگەنە ئەو شوێنانە.
سوپای ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووتەوە و ئاماژەی داوە، هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێر 8:00ـەوە بۆ 19:00، ئاگربەستی تاکتیکی لە چالاکییە سەربازییەکاندا دەکات، بە مەبەستی ڕێگەدان بە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان.
هەروەها ئاماژەی داوە، ئەو ئاگربەستە تەکتیکییە دوای زنجیرەیەک لە گفتوگۆی دێت لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی دیکە بۆ ئەوەی بڕی هاوکارییە مرییەکانی دەنێردرێنە کەرتی غەززە زیاتر بکرێن.
لەلایەکی دیکەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە، زیاتر لە هەشت هەزار منداڵی ژێر تەمەن پێنج ساڵان لە غەززە تووشی کێشەی بەدخۆراکیی بوون، لە نێویاند هەزار و 600 منداڵ لە دۆخێکی خراپی تەندروستیدان بەهۆی بەدخۆراکییەوە.
هەروەها کارل سکاو، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی خۆراکی جهانی ڕایگەیاندووە، مەحاڵە بەخێرایی و لە ماوەیەکی کورتدا بتوانن یارمەتییەکی زۆری خۆراک بگەیەنرێتە تەواوی کەرتی غەززە و پێداویستییەکانی تەواوی خەڵکەکە دابین بکەن.
هۆشداریشی داوە، ئەگەر هیچ گۆڕانێکی بە پەلە نەکرێت، باکووری غەززە ڕووبەڕووی قات و قڕی و برسێتییەکی قورس دەبێتەوە.