17 حاجیی ئوردنی لە سعوودیە بزر بوونە

بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج
بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج

کونسولخانەی گشتیی ئوردن لە جەددەی سعوودتە ڕایگەیاند، لە ماوەی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ئەم ساڵ 14 حاجی ئوردنی کۆچی دواییان کردووە و 17 حاجیش بزر بوونە و بەدوایاندا دەگەڕێن.

سوفیان قوزات، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری قونسولگەریی ئوردن لە جەددە ڕایگەیاندووە، لەگەڵ دەسەڵاتدارێتی سعوودیە لە پەیوەندیی بەردەوامدان بۆ بەخاکسپاردنی بەشێک لە حاجییە کۆچکردووەکان و لەگەڵ تەواوکردنی ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەی تەرمی بەشێک لە حاجییە کۆچکردووەکان بۆ شانشینی ئوردن.

هەروەها ئاماژەی داوە، کونسولخانەی ئوردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی سعوودییە هەوڵەکانیان چڕ کردووتەوە بۆ گەڕان و سۆراخکردنی ئەو 17 حاجییەی بزر بوونە.

سوفیان قوزات، ڕاشیگەیاندووە، حاجییە مردووەکان و ون بووەکانیش لەو حاجیانەن لە دەرەوەی ڕێکخەری کاروباری حاجییانی شانشینی ئوردن بە ڤیزای گەشتیاریی سەردانی سعوودیەیان کردووە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.

هەروەها کونسولخانەی ئوردن ژمارە تەلەفۆنی تایبەتی بڵاوکردووتەوە بۆ ئەوەی هەر کەسێک زانیاری لەسەر ئەو حاجیە ون بووانە هەبوو پەیوەندی بە کونسوڵخانەی گشتیی ئوردنەوە بکەن.

بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ئەم ساڵ هەشت هەزار زیارەتکاری شانشینی ئوردن گەشتی سعوودییەیان کردووە.