ئیحسان شه‌مه‌ری: گرووپه له‌یاساده‌رچووه‌كان به‌رگێكی سیاسی‌یان هه‌یه و به ئازادییه‌وه جووڵه ده‌كه‌ن

سه‌رۆكی ناوه‌ندیی هزریی سیاسیی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات، گرووپه له‌یاساده‌رچووه‌كان كاریگه‌ریی گه‌وره‌یان به‌سه‌ر بڕیاری سیاسیی له عێراق هه‌یه و خاوه‌نی ئابوورییه‌كی ڕه‌شن، كه له‌ناو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت سه‌رانه و به‌رتیل وه‌رده‌گرن.
ڕۆژی یه‌كشه‌ممه 16ـی حوزه‌یران 2024، ئیحسان شه‌مه‌ری، سه‌رۆكی ناوه‌ندیی هزریی سیاسیی له عێراق تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی، نه‌بوونی لێكگه‌یشتنێكی جیددی له نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی فیدراڵ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وایكردووه، هه‌ندێك له گرووپه میلیشیاكان سوود له ده‌رفه‌ته‌كان وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست بخه‌نه ناو دامه‌زراوه‌كان و سه‌رانه و به‌رتیل وه‌ربگرن.
ئیحسان شه‌مه‌ری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، حكوومه‌تی فیدراڵ نه‌یتوانیوه ده‌سه‌ڵاتی خۆی جێبه‌جێ بكات و یاسا به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه بسه‌پێنێت كه یاساشكێنی ده‌كه‌ن و دامه‌زراوه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان ده‌قۆسنه‌وه.
سه‌رۆكی ناوه‌ندیی هزریی سیاسیی عێراق باسی له‌وه‌ش كرد، گرووپه له‌یاساده‌رچووه‌كان به‌رگێكی سیاسی‌یان هه‌یه و به ئازادیی ڕه‌فتار ده‌كه‌ن و ده‌خزێنه ناو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت.
ناوبراو گوتیشی، ئه‌و گرووپانه كاریگه‌ریی گه‌وره‌یان به‌سه‌ر بڕیاری سیاسیی له عێراق هه‌یه و ته‌نانه‌ت چه‌ند جار هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.