ئومێد خۆشناو: ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کەرتی تەندروستی پێشتر بخات

پارێزگاری هەولێر لە بەسەرکردنەوەی نەخۆشخانەی ڕاپەڕین دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە، ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کەرتی تەندروستیی پێشتر بخات.
یەکشەممە (16ـی حوزەیرانی 2024)، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دوای بەسەرکردنەوەی نەخۆشخانەی ڕاپەڕین، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە یەکەم ڕۆژی جەژندا هیچ ڕووداوێک ڕووی نەداوە جێی باسکردن بێت، پارێزگاری هەولێر ستایشی دکتۆر و کارمەندانی نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی کرد کە سەرەڕای جەژن ئێشکگربوون بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان، ئەوەشی بە ئەرکی تەواوی دامەزراوەکانی کەرتی گشتیی زانی.
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لەو بەسەرکردنەوەیدا بۆ نەخۆشخانەی ڕاپەڕین لەگەڵ هاووڵاتییان لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان پرسیووەتەوە و دووپاتی کردەوە کە هاووڵاتییان ئاشکرایان کردووە خزمەتگوزاریی باشییان پێشکەشکراوە.
ئومێد خۆشناو گوتی، ئەرکی دامەزاراوەکانە لە خزمەتی هاووڵاتییاندا بن، لەگەڵ هەموو ئەو ئاوارە و پەنابەرانەشی کە لەهەرێمی کوردستانن، گوتیشی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجییەتی کەرتی تەندروستیی پێشتر بخات.