کەشناسیی عێراق: پلەكانی گەرما زیاتر بەرزدەبنەوە

K24 – هەولێر:
پلەکانی گەرما 50 پلەی سیلیزی تێدەپەرێنن و کەشناسیی عێراقیش داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە ماڵەوە بمێننەوە.
کەشناسیی عێراق دوا ڕاپۆرتی پێشبینیی کەشوهەوای بڵاو کردەوە و ڕایگەیاندووە، کاریگەریی نزمە شەپۆلی گەرما بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرماش 50 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنن.
ڕاپۆرتەکەی کەشناسیی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە؛ کاریگەریی ئەم نزمە شەپۆلە تا کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو پلەکانی گەرما ڕوو لە دابەزین بکەن.
کەشناسیی عێراق باسی لەوەشکردووە؛ داوا لە هاووڵاتییان دەکەین خۆیان لە بەرکەوتنی راستەخۆ بە تیشکی خۆر بپارێزن و لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ لە ماڵەوە بمێننەوە.
پێشتریش بەشى پێشبینىی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دۆخی کەشی پێشبینی کراوی سبەی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024ـی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەراورد بە ئەمڕۆ، سبەینێ پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نزم دەبێتەوە".