بایدن: ئیدارەکەم هەموو هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دەدات
جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئیدارەکەم هەموو هەوڵێک دەدات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان و دابینکردنی فریاگوزاری مرۆیی و کارکردن بۆ چارەی دوو دەوڵەتیی لە داهاتوودا.
بایدن، لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە ڕایگەیاند، جەژنی قوربان ئەمساڵ لە کاتێکی سەختدایە بۆ زۆرێک لە موسڵمانانی جیهان، لە غەززەش خەڵکی مەدەنی بێتاوان بەدەست بەڵای شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە گیرۆدەن.
سەرۆکی ئەمەریکا، ئەوەی خستووەتە ڕوو کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بێتاوان کوژراون و هەزاران منداڵیشیان هەیە و خێزانەکان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و شاهیدی وێرانبوونی کۆمەڵگەکانیان بوون.
سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی، "من هێشتا لەو باوەڕەدام کە چارەی دوو دەوڵەتی تاکە ڕێگەیە، بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی بۆ فەڵەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان و باوەڕم وایە کە پێشنیازی ئاگربەستی سێ قۆناغی کە ئیسرائیل پێشکەشی حەماسی کرد، باشترین ڕێگە بێت بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکان لە غەززە و لە کۆتاییدا کۆتایی بە شەڕەکە دەهێنێت".
جۆو بایدن، پێشتر پێشنیارێکی سێ قۆناغی ڕاگەیاندبوو کە بریتییە لە ئاگربەستی بەردەوام و ئاڵوگۆڕی دیل و دەستبەسەرکراوان و هەروەها ئاوەدانکردنەوەی غەززە.