عێراق.. دیاردەی سەرانەوەرگرتن لە زیادبووندایە
پسپۆڕان و چالاکوانان لە عێراق هۆشداریی دەدەن لە پەرەسەندنی دیاردەی سەرانەوەرگرتن کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکان و میلیشیاکانەوە.
لایەنە لە یاسا دەرچووەکان و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان بوونەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر دۆخی عێراق بە تایبەتی دوای ئەوەی هێرشیان کردە سەر شۆفێری بارهەڵگرەکانی سنووری مەنزەرییەی نێوان دیالە و بەغدا و وەک خۆیان دەڵێن، داوای سەرانەیان کردووە.
چاودێرانی سیاسی لەبارەی ئەو جۆرە پێشهاتانەوە هۆشداری دەدەن و بە پێشهاتی مەترسیدار لە قەڵەمی دەدەن. ئەوان پێیان وایە ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە لە ڕووی بازرگانییەوە کاریگەرییان لەسەر ناوبانگی وڵات دەبێت، لە لایەکی دیکەش فشارێکی زۆر لەسەر کاری حکوومەت و تەنانەت هاووڵاتییان دروست دەکات.
عامر حازم، شرۆڤەکاری سیاسی لەوبارەوە دەڵێت، "هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان بە شێوەیەکی گشتی فشار دەخەنە سەر هاووڵاتییان. ئەم فشارانەش بریتین لە سەرانەسەندن لە بازرگانان و خاوەنکاران. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە دەبنە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر ناوبانگی دەوڵەتی عێراق بە گشتی و هاووڵاتییان بە تایبەتی".
بێ وەڵام مانەوەی ئەو لایەنە چەکدارانە ئەنجامێکی کارەساتباری دەبێت. شارەزایان پێیان وایە دۆخەکە وا دەکات گرووپی چەکداری دیکە بە هەمان ئایدۆلۆجیا و فۆڕمەوە دروست بێت کە سەرئەنجام ئاسایشی پارێزگاکانی دیکەش دەخەنە مەترسییەوە.
حوسێن ئەحمەد، توێژەر، ئاماژە بەوە دەدات، "ڕەفتاری هەر گرووپێک و لایەنێکی دەرەوەی دەسەڵاتی یاسا و دامەزراوە حکومییەکان بێگومان دژی حکوومەتن و ناکۆکن. ئەمە وادەکات دەرفەت بە گرووپی دیکە بدات بیانەوێت ئاسایش و سەقامگیری بشێوێنن، ئەم گرووپانە بە گوێرەی هەندێک بنەما هەڵسوکەوت دەکەن کە ئەمەیان دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری و ئاسایش لە پارێزگاکان و لەناوچەکەش بەشێوەیەکی گشتی".
پرسیارێکی وەڵامنەدراوە لەبەردەممانە، ئاخۆ حکوومەت دەتوانێت دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان چارەسەر بکات کە فشاریان خستووەتە سەر دەوڵەت و خەڵک؟ یان وەک حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ڕابردوو لەم تاقیکردنەوە سەختە شکست دێنێت؟