ئەرکی هێزە عێراقییەکان بووەتە پاراستنی ڕیستۆرانتە ئەمریکییەکان لەبەغدا

هێزی دژە تیرۆری عێراق ئەرکیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە بۆ پاراستنی ڕێستۆرانتە ئەمریکییەکان لەبەغدا گۆڕاوە.
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەنای بۆ هێزی دژە تیرۆر بردووە بۆ رڕێگریکردن لە گرووپەکان تا هێرش نەکرێتە سەر براند و سەنتەرە ئەمریکی و بەریتانییەکان.
لەبەرامبەردا هێزی دژەتیرۆر لەم هەنگاوە نیگەرانن و دەڵێن، ئەوان هێزی تایبەتن نەک پاسەوانی بارەگا و چێشتخانەکان.
لەبەر بێتوانایی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی براند و سەنتەرە ئەمریکی و بەریتانییەکان لە هێرشیی گرووپەکان لە بەغدای پایتەخت، حکومەتی عێراق پەنای بۆ بەکارهێنانی هێزی دژەتیرۆر بردووە، لەئێستادا ئەرکی ئەو هێزە لە ڕووبەڕبوونەوەی تیرۆرەوە گۆڕاوە بۆ پاراستنی زنجیرە چێشتخانە و سەنتەرە ئەمریکی و بەریتانییەکانی بەغدا.
ئەو نارائامییەی ماوەی سێ هەفتەیە بەغدای پایتەختی عێراقی گرتووەتەوە، بووەتە هۆی دوودڵی وەبەرهێنەران و خاوەن کارە بیانییەکان لە عێراق، چونکە گومانیان هەیە هەرکاتێک هاوشێوەی براندە ئەمریکییەکان لە بەغدا لەلایەن گروپە جیاوازەکانەوە بەناوی پاڵپشتی غەززە بکرێنە ئامانج، بەشێک لەچاودێران باس لەوەدەکەن هێرش بۆسەر براندە ئەمریکییەکان ئامانج لێی شەرمەزار کردنی محەمەد شیاع سوودانی و لێدانە لە هەوڵەکانی بۆ ڕاکێشانی سەرمایە گوزاری بیانیی. لەبەرامبەردا لەجێگەی هێزی فریاکەوتن و پۆلیس، سوودانی پەنای بۆ هێزی دژەتیرۆر بردووە بۆ پاراستنی براندە ئەمریکی و بەریتانییەکان، لەم بارەیەوە رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی نووسیویەتی، دژە تیرۆری عێراق لە تێکشکاندنی داعشەوە ڕۆڵیان بۆ پاراستنی ڕێستۆرانتەکان گۆڕاوە، ئەمەش نیگەرانیی ئەو هێزەی لێکەوتووەتەوە، بەشێک لە ئەندامانی دژە تیرۆری عێراق دەڵێن، ئەوان هێزی تایبەتن نەک پاسەوانی بارەگا و ریستۆرانتەکان.
بەگوێرەی راپۆرتێکی واشنتن پۆست، سوودانی لەڕێگەی جێگریکردنی هێزی دژەتیرۆرەوە دەیەوێت نیشانی ڕکابەرەکانی و هێزەکانی نزیک لەئێرانی بدات، حکومەت توانای کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی بەغدای پایتەختی هەیە.
هاوکات، پەلاماردانی زنجیرە ریستۆرانتەکان نەک ترسی خستووەتە دڵی وەبەرهێنەرە بیانییەکان، بەڵکو خەڵکی بەغداشی ترساندووە و وەک جاران ناوێرن بچنە ناوەند و براندە ئەمریکییەکان.