رۆژگار جەعفەر: ئێمە بەرپرسیارەتی ئەوانە هەڵناگرین کە بە ڤیزای گەشتیاریی هاتوونەتە سعوودیە

حاجییان ڕوکنەکانی حەج بەجێدەگەیەنن - وێنە: AP
حاجییان ڕوکنەکانی حەج بەجێدەگەیەنن - وێنە: AP

بەرپرسی ڕاگەیاندی شاندنی حاجییانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لەنێو تەواوی ئەو حاجییانەی هەرێمی کوردستان کە لە مەراسیمی فەریزەی حەج گیانیان لەدەستداوە، تەنها حاجییەکی شاری کەلار لەڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف چووتە سعوودیە، ئەوانی دیکە بە ڤیزای گەشتیاریی هەوڵی ئەوەیان داوە بگەنە ئەو وڵاتە.

رۆژگار جەعفەر بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند،  ئەوانەی بە ڤیزای گەشتیاریەوە هاتوونەتە سعوودیە،  حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هاوکارییەکی نەکردوون، تەنها ئەوانە نەبن کە لەڕێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە پرۆسەکە ئەنجام دەدەن، هەموو خزمەتگوزارییەکیان بۆ دابین کراوە.

رۆژگار جەعفەر دەڵێت، وەزارەتی ئەوقاف پێشتر ڕێنمایی کردن کە بەرپرسیارەتی ئەوانە هەڵناگرێت کە بە ڤیزای گەشتیاریی هاتوونەتە سعوودیە، دەشڵێت، هیچ پەیوەندییەکی ئەو حاجیانەی بە ڤیزای گەشتیاریی هاتوونەتە سعوودیە لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام وەزیری ئەوقافی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی ئەوقافی سعوودیە گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ هاوکاریی کردنی ئەوانەی نەخۆش دەکەون، یاخود ون دەبن و گیانیان لەدەستدەدەن.

لەبارەی ڕەوشی حاجیانیش، جەعفەر بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حاجیانی کوردستان ڕەوشیان زۆر باشە، تەنها حاجییەکی شاری کەلار ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا کە بە فەرمی لەڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف هاتووەتە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.

لەلایەکی دیکەوە، کاروان ستوونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە وەرزی حەجی ئەمساڵ، تاوەکو ئێستا 13 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان کە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چووبوونەوە سعوودییە، گیانیان سپاردووە.

وەکو ئەوەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان باسی کرد، هەموو ئەو حاجییانەی گیانیان سپاردووە بە ڤیزای یەک ساڵی گەشتیان بۆ سعوودییە کردووە و بە شێوەیەکی فەرمی و لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیەوە نەچوونە.

ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی وڵاتی سعوودییەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، چوونەتە حەج .

Fly Erbil Advertisment