ڕۆمانۆوسکی: پابەندین بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی خراپی ئێران

دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بزووتنەوەیەکی چەکداریی عێراقی بە "تیرۆریست" ناساند، باڵیۆزەکەیان لە بەغدا پابەندیی واشنتن بۆ "ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی خراپی ئێران" دووپات دەکاتەوە.
ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) پۆستێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "بڕیاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ناساندنی (حەرەکەت ئەنساروڵڵا ئەوفیا) و ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە وەک (بزووتنەوەیەکی تیرۆریستی)، سەر لە نوێ پابەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی خراپی ئێران و هەڕەشەکانی میلیشیاکانی سەر بە تاران، دووپات دەکاتەوە".
پۆستەکەی ڕۆمانۆوسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە کاتێکدایە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 18-06-2024 ؛ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا(حەرەکەت ئەنساروڵڵا ئەوفیا) و ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکەی وەکو (بزووتنەوەیەکی تیرۆریستی) ناساند و ڕایگەیاند، بزووتنەوەکە "میلیشیایەکی هاوپەیمانی ئێرانە و بەشێکە لە مقاومەی ئیسلامی لە عێراق".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، واشنتن پابەندە بە "لاوازکردن و لەکارخستنی توانا سەربازییەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران" تاوەکوو هێرشی "تیرۆریستی" بۆ سەر هێزەکانیان نەکەن. وەزارەتەکە دووپاتی کردووەتەوە، واشنتن هەموو ڕێگەیەک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی "ڕووبەڕووی پاڵپشتیی ئێران بۆ تیرۆر" ببێتەوە.
— Ambassador Alina L. Romanowski (@USAmbIraq) June 18, 2024